وێنەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران. فۆتۆ: حکومەتی هەرێم
لەبارەی "تەوتین" حکومەت چی دەڵێت؟
حکومەتی هەرێم: داهاتی نانەوتی دەخەینە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ
964+
ژووری هەواڵ
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا چەند بڕیارێکیدا لەناویاندا بڕیاردرا، داهاتی نانەوتی هەرێم بخرێتە سەر هەژماری حکومەتی فیدڕاڵی.
لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، راپۆرتێکی پێشکەش کردووە، تیایدا هاتووە چەند رۆژێک لەمەوبەر بە فەرمی لیستی وردبینیکراو و پەسەندکراوی مووچەخۆرانی هەرێم بە زانیاری پێویستەوە بۆ مانگی نیسان ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کراوە، کە چاوەڕوان دەکرێت هاوشێوەی مانگی رابردوو، لەگەڵ مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بنێردرێت.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی حکومەتی هەرێم، وەزیری دارایی لە راپۆرتەکە دەستپێشخەریەکی خستووەتەڕوو بۆ هاوبەشیکردنی هەرێم لەگەڵ بەغدا بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی لە بواری داهاتە نانەوتیەکان، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت: نابێت هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بهێڵرێتەوە تا بکرێتە بيانوو بۆ خەرج نەکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم، هەر بە ئەم ئاراستەیەش ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکاری راسپارد، ئەوەی لە یاسا بەرکارە فیدڕاڵیيەکان دەستنیشان کراوە وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی نانەوتی بەدەستهاتوو لە هەرێم، بخرێتە سەر ئەژمێری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ.
لەبارەی (تەوتین)ی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، لە راگەیەنراوی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران هاتووە، “ئەم بابەتە بە گرنگ دەزانین و حکومەتی هەرێم هیچ کات دژی بە بانکیکردنی(تەوتین)ی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەبووە و نابێت، لە مێژە وەک لە کارنامەی کابینەکە هاتووە بە کردارەکیی پرۆسەی بەبانکیکردن( تەوتین) لە ڕێگەی ( هەژماری من)ەوە لە هەرێم دەستپێکراوە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری و برەودان بە چالاکی بانکی و شەفافیەت لە چالاکییە داراییەکان وسوودمەندبوونی هاووڵاتیان لە هەموو ئەو ئیمتیازات و ئاسانکارییانەی بانکەکان بۆ هاووڵاتییان دەستەبەری دەکەن بەو جۆرەی لە دونیای پێشکەوتوو پەیڕەو دەکرێت، بۆیە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ زیاتر لەسەر میکانیزمی بەبانکیکردنە نەک خودی پرۆسەکە”.
لە راگەیەنراوەکە ئەوەش هاتووە، “سەرقاڵی پرۆسەکەین لە چوارچێوەی پڕۆژەی تەوتینی هەرێم بە ناوی (هەژماری من) کە گشت مەرج وپێداویستییەکانی بانکی ناوەندیان جێبەجێ کردووە و حکومەتی هەرێم تەنيا رۆڵی ئاسانکاریی دەگێڕێت، ئەگینا پڕۆژەکە بانکە ڕێپێدراوەکان ئەنجامی دەدەن کە هەندێکیان لە پرۆسەی تەوتینی ناوچەکانی دیکەی عێراقیش بەشدارن”.
سەبارەت بە بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتیش، حکومەتی هەرێم دەڵێت، “خوازیارین هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمە وەک لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لەسەریرێکەوتبووین کە لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم بفرۆشرێت و داهاتەکەشی بچێتەوە ناو گەنجینەی گشتی فیدڕاڵ لە دوای یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتانەی کە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، ئەمەش پێویستە لە چوارچێوەی دوا کۆنووسی هاوبەشی هەردوولادا بێت کە لە مانگی یەکی ئەمساڵ ئیمزاکراوە بەڕەچاوکردنی بنەما دەستوورییەکان”.
لە بەرامبەر ئەم پابەندییانەش، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت لە ناویشیاندا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێم لە بودجەی بەکاربردن و بودجەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی پارێزگا و هەرێمەکان هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق.