تا هەفتەی ئایندە بەردەوامدەبێ
شەقامە سەرەکییەکانی ناو بازاڕی قەڵادزێ بەکارمەهێنن نۆژەن دەکرێنەوە
964+
محەمەد عەلی ـ قەڵادزێ
لێپرسراوی بنکەیهاتوچۆی قەڵادزێ داوا لە شۆفێرانی قەزاکە دەکات، نەیەنە ناو بازاڕی قەڵادزێ، “چونکە کار لە شەقامەکاندا دەکرێت و نۆژەن دەکرێنەوە”.
بە گەوێرەی ئەو خشتەی شارەوانی کار نۆژەنکردنەوەکەی لەسەر بنیاتناوە، پڕۆسەکە تا هەفتەی ئایندە بەردەوامدەبێ و هاوڵاتیان دەتوانن گەڕەک و کۆڵانەکانی پشتەوەی بازاڕ بەکاربهێنن و بەپیادە بێنە ناو بازاڕ بۆ کڕینی پێویستییەکانیان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24.4.2024، لەشکر مەحمود، لێپرسراوی بنکەی هاتوچۆی قەڵادزێ بە 964ـی وت، ” لەلایەن شارەوانی قەڵادزێ- وە، شەقامەکانی ناوبازاڕی قەڵادزێ نۆژەن دەکرێنەوە و دووبارە قیر دەکرێنەوە، ئێمەش وەک کارمەندانی هاتوچۆ، بۆ ماوەی سێ رۆژ لەگەڵ ئەو تیمە هاوکار دەبین بۆ ئەوەی کارەکانیان بەباشی ئەنجام بدەن”.
“بەهۆی قەرەباڵغی ناوبازاڕ ناتوانین تیمەکان کاربکەن، بۆیە ئاگاداریمان بڵاوکردووەتەوە کە شۆفێران نەیەنە ناوشار و سەنتەری بازاڕ بەکارنەهێنن لەبەر ئەوەی لە چوار لاوە کاری تێدا دەکرێ، شەقامەکانیش بەو شێوەیە بەرفراوان نین بتوانرێت شۆفێرانیش هاتوچۆی تێدابکەن، بۆیە وەک ئاسانکاری بۆ تیمەکە، رێگاکانی گربداخ، راپەڕین، ناوشارمان داخستوون”، لەشکر مەحمود وای وت.
لە بارەی کارەکانییانەوە، ئارام محەمەد بەڕێوەبەری شارەوانی قەڵادزێ بە 964ـی وت، “کار بۆ نۆژەنکردنەوە و پڕکردنەوەی شەق و چاڵی سەرجەم شەقامەکانی ناو بازاڕدا دەکرێت، وە لە سبەینێ- وە دەستدەکەین بە قیرتاوکردنی شەقامەکان، و هەوڵدەدەین لە هەفتەی داهاتودا تەواویان بکەین”.
لێپرسراوی بنکەی هاتوچۆی قەڵادزێ و سەرۆکی شارەوانی قەزاکە، لە رێگەی 964- ەوە داوایان لە هاوڵاتیانی قەزاکەیان کرد، “بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆسەیە هاوکاریان بن بە تایبەیش شۆفێران، کە بەشێکیان هاوکارنین و زیان بە هێما ئەندازەییەکانی هاتوچۆ دەگەیەنن و رەچاوی رێنماییەکان ناکەن”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا