24.4.2024
تەنیا ئارایشتگایەکی سلێمانی ئەمڕۆ 23 بووکی هەبووە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
بەهۆی جوانیی رێکەوتی ئەمڕۆوە، کە 24.4.2024ـە، بووک و زاوایەکی زۆر لەم رۆژەدا ئاهەنگی هاوسەرگیرییان ئەنجام دەدەن و خاوەنی ئارایشتگایەک دەڵێت، مانگێک بەر لە ئێستا سەرەیان نووسیوە.
سۆلین جەزا، خاوەنی سۆلین بیوتی لە شاری سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەمڕۆ 23 بووکیان لابووە و بەشێکی زۆریان مانگێک پێش ئێستا سەرەیان گرتووە.
وتیشی، “لەمڕۆدا تەنیا کاری جوانکردنی بووک دەکەین و هیچ ئیشێکی دیکەمان وەرنەگرتووە، لە کاتژمێر پێنجی بەیانیشەوە کاردەکەین تا درەنگانێکی ئێوارە دەمێنینەوە”.
بە گشتی ئەو رێکەوتانەی جوانن، قەرەباڵغی لە ئارایشتگاکان دروست دەکەن و دەزگیراندارەکان دەیانەوێت رێکەوتێکی جوان ببێتە یادگاریی رۆژی هاوسەرگیرییان.
شێنێ محەمەد، کە یەکێک بوو لەو بووکانەی لەو ئارایشتگایەدا کاری جوانکاریی بۆ دەکرا بۆ 964 وتی، “ئەمڕۆ رێکەوتەکەی زۆر جوانە و ئێمەش بڕیارمان دا لەم رۆژەدا ئاهەنگەکەمان بکەین و نزیکەی مانگێکە لەم ئارایشتگایەدا سەرەمان نووسیوە بۆ ئەمڕۆ”.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد