دۆمینیکا پاسەپۆرت ناداتە هاوڵاتیانی هەرێم
+964
فەهمی نەبی -هەولێر
لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوەوە، وڵاتی دۆمینیکا پێدانی پاسەپۆرتی وڵاتەکەی بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان راگرتووە، بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی دەڵێت بڕیارەکە بە فشاری بەریتانیا بووە.
بڕیار بوو دوای مانگێک پێداچوونەوە بە یاساکانی وڵاتەکەی، دۆمینیکا بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە رێنماییەکاندا، دیسان پێدانی پاسەپۆرت بە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام زیاتر لە هەشت مانگە ئەو بڕیارە تێپەڕیوە و تا ئێستا ئەو وڵاتە پاسەپۆرتی وڵاتەکەی ناداتە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
سالار مەرزانی بەڕێوەبەری کۆمپانیای بێڤەرلی، بۆ 964+ دەڵێت؛ ئەوانەی لە کوردستانەوە ئەو پاسەپۆرتەیان دەکڕی، دەچوونە بەریتانیا و داوای مافی پەنابەریان دەکرد، بەریتانیا فشاری خستەسەر دۆمینیکا و ئەو پرۆسەیە راوەستا.
سالار، هۆکارێکی دیكهی بڕیارهكه دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ساختەکاری، کە هەندێ نووسینگەی مامەڵەکردنی ئەو پاسەپۆرتانە کردوویانە، بە جۆرێک مامەڵەی گەنجانی سینگڵیان لەگەڵ ئەو خێزانانە تێکەڵ کردووە، کە پیاوەکانیان لە بەریتانیان و خێزان و منداڵەکانیشیان لە کوردستان ماونەتەوه، بەریتانیاش بەمەی زانیوە و فشاری لە دۆمێنیکا کردووە پرۆسەکە بوەستێنێت.
سەباح محەمەد، هاوڵاتیەکی هەرێمی کوردستانە و خاوەنی پاسەپۆرتی دۆمینیکایە و ئێستا لە بەریتانیا دەژیت.
ئهو وتی “ئەگەرچی پارەیەکی زۆرم بەو پاسەپۆرتە داوە بەڵام هەمان مافی هاوڵاتیانی بەریتانیام نییە و کارکردنی زۆر بە تەواوی ئەرکی قورس کردووم”.
لە ساڵی 2012-ەوە، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، روویان لە کڕینی ئەو جۆره پاسەپۆرتە کردووە، بەڵام بە گوتەی ئەوانەی لەو بوارەدا کار دەکەن، ئهوكات نرخی کڕینی پاسەپۆرتی دۆمێنیکا 400 تا 450 هەزار دۆلار بووە، بەهۆی ئەوەی لە رێگەی پڕۆژەی وەبەرهێنانهوه ئەو پاسەپۆرتانە وەردەگیران.
لە ساڵی 2018، رێنماییەکان گۆڕان و لە رێگهی کڕینی پشکەوە، ئەو مامەڵەیە جێبێکراوە، بۆیە نرخەکەی بۆ خێزانێکی چوار کەسی، کە منداڵەکانیان لە خوار تەمەنی 16ساڵیدابن، 115 هەزار دۆلار بووە، واتا 11 دەفتەر و نیو دۆلار بووە، بەڵام بۆ خێزانێک کە منداڵەکانیان لە سەرووی 18 ساڵی بووبێت 120 هەزار دۆلار بووە، واتا 12 دەفتەر دۆلار.
بە گوتەی عیماد رەشید، خاوەنی کۆمپانیای سێندەر، ئێستا تەنیا پاسەپۆرتی ‘سانت کیتس’ و ‘سانت لوشیا’ بەردەستە، بەو پاسەپۆرتانە دەتوانرێ سەردانی نزیکەی 160 وڵاتی پێبکەی و بۆ یەک کەس 65 هەزار دۆلار، واتا شەش دەفتەر و نیو تێچوەکەیەتی.
بە گوێرەی ئامارەکانی ئەو کۆمپانیایانە بێت، کە کاری وەرگرتنی پاسەپۆرتی دۆمینیکایان بۆ هاوڵاتیان کردووە، بە تەنیا لە هەرێمی کوردستان، زیاد لە پێنج هەزار کەس خاوەنی ئەم جۆره پاسەپۆرتهن.
دۆمینیکا، دوورگەیەکە لە دەریای کاریبی له نزیك مهكسیك و وڵاتانی ئهمریكای باكووره، بەریتانیا لە ساڵی 1763 دەستی بەسەرداگرت تا ساڵی 1978، وەک کۆمارێکی سەربەخۆ، خۆی راگەیاند.
لە ساڵی 1993-ەوە، دەرفەتی بەدەستهێنانی پاسەپۆرتی وڵاتەکەی بۆ هەموو کەسێک لە چوارچێوەی پڕۆژەی وەبەرهێنان فەراهەم کرد، بەڵام لە ناوەڕاستی ساڵی 2022، پێدانی پاسەپۆرتی وڵاتەکەی بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان راگرت و تا ئەمڕۆ 16ی کانوونی دووەمی 2023، ئەو بڕیارە وەک خۆیەتی.