زیاتر لە 18 کۆمپانیا بەشدارن
لە کەلار ناوەندی بازرگانی پیشەسازی و بیناسازی ئێران کرایەوە
964+
ژووری هەواڵ
لە کەلار، ناوەندێکی بازرگانی پیشەسازی و بیناسازی بۆ ژمارەیەک کۆمپانیای ئێرانی کرایەوە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانیش دەڵێت کۆمپانیاکان راستەوخۆ بەرهەم بۆ بازرگانانی سنوورەکە هاوردە دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 22.4.2024، چۆمان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئیدارەی گەرمیان بە 964ـی راگەیاند، زیاتر لە 18 کۆمپانیا و کارگەی ئێران بەشدارن لەو ناوەندەدا کە دەبێتە سێیەمین ناوەندی هاوشێوە لەسەر ئاستی عێراق لەدوای سلێمانی و بەغدا.
لە مەراسیمی کردنەوەی ناوەندەکەدا، جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، ناوەندەکە لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی قازانج لە نێوان هەردولادا کراوەتەوە و گرنگیی زۆری دەبێت بۆ تەواوکردن و باشترکردنی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون.
بە وتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، ئێستا زیاتر لە 25 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون کە مۆڵەتیان پێدراوە لە قۆناغی دروستکردندان و کردنەوەی ئەم ناوەندە سوودی دەبێت بۆ تەواوکردنیان.
لە نێوان ئێران و ئیدارەی گەرمیان دەروازەی سنووری پەروێزخان هەیە، کە جموجۆڵێکی زۆری بازرگانی و گەشتیاری لێوەدەکرێت.
لە سەرەتای مانگی سێی ئەمساڵ، عەبدولواحید محەمەدی، جێگری رێکخەری کاروباری ئابووریی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە میدیای فەرمی ئێرانی رایگەیاندووە، ئەو کاڵا و شتومەکانەی کە لە 11 مانگی رابردوودا لە کرماشانەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێراق کراون، لە رووی بەهاوە، 19٪ زیادیان کردووە و لە رووی رێژەشەوە 262٪ زیادی کردووە.