لە ئاکرێ

بارهەڵگرێک مێردمنداڵێکی کوشت

964+
زەید کۆچەر-دهۆک

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە قەزای ئاکرێ بارهەڵگرێک خۆی بە مێردمنداڵێکی تەمەن 13 ساڵدا کێشا و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.

رووداوەکە لە گەڕەکی ئالەهی لە نزیک قوتابخانەی ئالەهی روویداوە.

عیماد زیباری، وتەبیژی پۆلیسی ئاکرێ بە 964ی وت، ئەمڕۆ ئێوارە کاتژمێر 4:30 بارهەڵگرێک لە جۆری قەلاب، کە باری 49 تۆنی بارکردبوو، خۆی بە مێردمنداڵێکی تەمەن 13 ساڵیادا کێشا و بە هۆیەوە منداڵەکە گیانی لە دەست دا.

وتیشی، مێردمنداڵەکە و شۆفێرەکەش خەڵکی ئاکرێن و شۆفێرەکە خۆی رادەستی پۆلیس کردووە

“پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە لەلایەن بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانە کراوەتەوە و بەپێی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە شۆفێری بارهەڵگرەکە بەپێی یاسای 24هاتوچۆ دەستگیرکراوە”، وتەبیژی پۆلیسی ئاکرێ  وای وت.

نێچیرڤان فەخرەدین، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی ئاکرێ بە 964ی وت، نزیکەی کاتژمێر 5 ئێوارە بوو تەرمی مێردمنداڵەکە گەیشتە نەخۆشخانە، بەڵام پێش ئەوەی بگات گیانی لەدەست دابوو، دواتر تەرمەکە رادەستی کەسوکاری کرایەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

لە شەقڵاوە رووداوێکی هاتوچۆ 13 کەسی بریندار کرد

لە شەقڵاوە رووداوێکی هاتوچۆ 13 کەسی بریندار کرد