پڕۆژەی دیکەش هەیە
13 کۆڵانی ئەڵڵایی بەیەکەوە قیرتاو دەکرێن
964+
پێشەوا محەمەد
وا بڕیارە هەفتەی داهاتوو 13 کۆڵان لە شارۆچکەی ئەڵایی بەیەکەوە قیرتاو بکرێن و سەرۆکی شارەوانییەکەی وردەکارییەکەی ئاشکرا دەکات.
964 لە شارەوانیی شارۆچکەکەوە دەزانێت، بڕی 175 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەکە تەرخان کراوە.
هێرۆ تاهیر، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی ئەڵڵایی بە 964ـی راگەیاند، ئەو پڕۆژەیە لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان دەبێت و کۆمپانیاکە پارەکە لەسەر بوودجەی خۆی خەرج دەکات تا وەریدەگرێتەوە.
پێشتر دانیشتوانی شارۆچکەکە چووبوونە لای سەرۆکی شارەوانی تا دەستوبرد لە قیرتاوکردنی کۆڵانەکان بکات.
سەرۆکی شارەوانی وتیشی، “لە سبەینێوە کاری رێککاری و کوتانەوە بۆ کۆڵانەکان دەکرێت و هەفتەی داهاتوو قیرتاو دەکرێن”.
شارەوانییەکە پڕۆژەیەکی دیکەی بە بەهای 780 ملیۆن دینار هەیە بۆ قیرتاوکردنی گەڕەک و کۆڵانەکان.
هێرۆ تاهیر دەڵێت، “ئەو پڕۆژەیەیان لەسەر داهاتی خۆمانە و بەپێی بوودجەی بەردەست جێبەجێ دەکرێت”.
شارۆچکەی ئەڵڵایی سەر بە قەزای بازیانە لە پارێزگای سلێمانی.