لە رێگای شێخان
بارهەڵگرێک وەرگەڕاو شۆفیرەکەی گیانی لەدەستدا
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
ئێوارەی ئەمڕۆ بارهەڵگرێک لە رێگای ئەلقوش- شێخان وەرگەڕاو بەهۆیەوە گڕی گرت و شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا.
بارهەڵگرەکە نەوتی خاوی بارکردبوو لەکاتی وەرگەڕانی سوتەمەنی ناو بارهەڵگرەکە رژا و بەگوێرەی قسەی شایەتحاڵەکان ئەوە هۆکاری تەشەنەکردنی ئاگرەکە بووە.
سەرچاوەیەک لە هاتووچۆی قەزای شێخان بە 964ی وت، ئەو بارهەڵگرە لەنزیک گوندی “بێ بان” وەرگەڕاوە و دواتر ئاگری گرتووە و شۆفێرەکەی خەڵکی کەڵەکچیە و گیانی لەدەستداوە.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، بەهێزی ئاگرەکە بەجۆرێکە نەتوانراوە تەرمی شۆفێرەکە دەربهێنرێت.
لەکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە تیمەکانی بەرگری شارستانی لە شوێنی رووداوەکە بوون و سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی