قەدەغەن
لە سەیدسادق دەستگیرا بەسەر 450 پارچە دەرمانی جوانکاری ژنان
964+
ژووری هەواڵ
لیژنەکانی قایمقامیەتی سەیدسادق دەستیانگرت بەسەر 450 پارچە دەرمانی گیایی و جوانکاری ژنان، کە ماوەکانیان بەسەرچوون و جۆرەکانیشیان قەدەغەکراون.
ئەمڕۆ پێنجشەمم 18.4.2024، تەها ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی قایمقامیەتی سەیدسادق بە 964ـی راگەیاند، بەشێک لەو دەرمانانە بە قاچاخ لە وڵاتانی دەرەوە هاوردەکراون و سەرچاوەی زانستی و تەندروستیان نادیارە، بەشێکی دیکەشیان دەرمانفرۆشەکان خۆیان دروستیدەکەن.
“لەنێو دەرمانەکاندا هەندێک گیراوە دروستکراون کە بەکاردێن بۆ قەڵەوکردنی ژنان و قەدەغەکراون، بۆیە دەستمان بەسەر هەموو دەرمانەکاندا گرتووە و رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگرینە بەر”، تەها ئەحمەد، کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونە وای وت.
بەگوێرەی راگەیەندراوی قایمقامیەتی سەیدسادق، دەرمانەکان لە دوو دەرمانخانەی گیایی دۆزراونەتەوە و خاوەنەکانیان سزای مادی دەدرێن.