راستی رووداوەکە بەمجۆرەیە
ئایا راستە ئەو ژنەی لە دهۆک گیانی لەدەستدا بەهۆی وەرگرتنی جگەر بووە؟
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
گەنجێکی کۆمەڵگەی “کۆرا”ی سەر بە ناحیەی زاویتە لە پارێزگای دهۆک سێ مانگ پێش ئێستا جگەری خۆی بەخشییە دایکی بەهۆی نەخۆشییەوە پێویستی پێ بوو، بەڵام ئەمرۆ دایکی گیانی لەدەستدا، وا بڵاوکرایەوە ئەو ژنە بەهۆی وەرگرتنی جگەری کوڕەکەی گیانی لەدەستدابێت، بەڵام راستی رووداوەکە جۆرێکی دیکەیە.
لوقمان زیری، مامی ئەو گەنجەیە کەوا جگەری خۆی بەخشیوەتە دایکی بە 964ی وت، “لە رێگەی کەناڵەکەتانەوە دەمەوێت راستی ئەم بابەتە باس بکەم، لە رۆژی 26.1.2024 برازاکەم جگەری خۆی بەخشیوەتە دایکی و نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بوو و هیچ کێشەی نەبووە، بەڵام دواتر نەخۆشی شێرپەنجە لەسەری براژنەکەم دروست بوو و تەندروستی رۆژ دوای رۆژ خراپتر بوو، بەهۆی ئەم نەخۆشیەوە گیانی لەدەستدا”.
ئەوەشی وت، “لە 22.3.2024 براژنەکەم نەشتەرگەری سەری بۆ کرا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، ئەمڕۆ پێنجەشەممە گیانی لەدەستدا”.
بەوتەی لوقمان زیری، ئەوەی لە پەیجەکان باس دەکرێت گوایە ئەو ژنە بەهۆی وەرگرتنی جگەری کوڕەکەی گیانی لەدەستداوە راست نییە، بەڵکو دووچاری خوێنبەربوونی مێشک هاتبوو”.
ئەو ژنەی ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە تەمەنی 55 ساڵ و کوڕەکەی تەمەنی 32 ساڵە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی