لێرەوە ببە بە پاسەوانی سنوور

964+

هێمن بەکر – هەولێر

جارێکی تر، وەزارەتی ناوخۆی عێراق فۆرمی ئۆنڵاینی بۆ دامەزراندنی هاوڵاتیان وەکو پاسەوانی سنوور بڵاوکردەوە.

کلیک بکە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە.

سەرەتای مانگی کانونی یەکەمی 2022، ئەو وەزارەتە لینکێکی بڵاوکردەوە بۆ پڕکردنەوە، بەڵام پاش چەند کاتژمێرێک لەژێر فشاری زۆریی بەشداربووان لەکارکەوت.

ئەوە زیاتر لە مانگێکە ئەو کەسانەی خوازیارن ببنە پاسەوانی سنوور چاوەڕێی دووبارە بڵاوکردنەوەی فۆرمەکەن.

پێشتر، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندبوو، لەو پرۆسەیەی بۆ دامەزراندنی شەش هەزار پاسەوانی سنور دەستیپێکردووە، تەنیا خەڵکی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن، بە لە راگەیەندراوە تازەکەیاندا هاتووە، “هەموو پارێزگاکان دەگرێتەوە، لەناویاندا هەولێر، سلێمانی و دهۆک”.

بڕیاربوو بە دوو قۆناغ، هەر جارە و سێ هەزار کەس، وەکو پاسەوانی سنور بۆ سنورەکانی هەرێمی کوردستان دابمەزرێن لەسەر بودجەی فیدراڵی عێراق، بەڵام لەم راگەیەندراوەدا دەڵێت، “ئەمە بۆ دامەزراندنی دوو هەزار و 621 کەسە”.

هۆکاری ئەو دامەزراندنە بۆ ئەو فشارانە دەگەڕێتەوە کە لەسەر حکومەتی فیدراڵی عێراق هەیە تاوەکو بێدەنگ نەبێت لەوەی تورکیا و ئێران بۆردومانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن بە شێوەی بەردەوام.

لە عێراق سێ ناوچەی هێزەکانی سنور هەیە، یەک، دوو لەگەڵ سێ، ناوچەی یەک، ئەرکی پاراستنی سنوری هەرێمی کوردستانە، کە بارەگاکەی لە هەولێرە، کۆی ئەندامانی ئەو فەرماندەییە نزیکەی شەش هەزار و ٥٠٠ کەسە لە ئێستادا.