هەر لەوێ بە خاکى دەسپێرن
ژنە عەمرەکارێکی دهۆک لە مەککە گیانی لەدەستدا
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
بەرەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە، ژنە عەمرەکارێکى خەڵکى دهۆک لە مەککە گیانى لەدەستدا و بڕیاریشە دواى نوێژى عەسرى ئەمڕۆ لە گۆڕستانى مەککە بەخاک بسپێردرێت.
عەمرەکارەکە تەمەنى 64 ساڵە و دانیشتوى شارى دهۆکە، بە وتەى کەسوکارەکەى نەخۆشى هەبووە و لە رۆژى 18ـى رەمەزان گەشتى عومرەى ئەنجامداوە.
د.محەمەد رێکانی، کە زاوای ژنەکەیە و ئەندامی سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی هەولێرە بە 964ـى وت،”خەسووم لە رۆژی 18ـى رەمەزان گەشتی کرد بۆ شاری مەککە و بڕیار بوو لە رۆژی 28ـى رەمەزان بگەرێتەوە، کە عومرەکەی جێبەجێ کرد، دواتر رەوشی تەندروستی تێکچووە و لە نەخۆشخانە خەوێنراوە و خراوەتە ژێر چاودێرى چڕى پزیشکییەوە”.
بە وتەى محەمەد رێکانى خەسوى نەخۆشى شێرپەنجەى هەبووە و دواى خەواندنى لە نەخۆشخانە رێگەى پێنەدراوە بیگەڕێننەوە بۆ هەرێم تا بەرەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە کاتژمێر 2:30 خولەکى بەرەبەیان گیانى لەدەستداوە.
لاى خۆیەوە، سەرمەد جەمیل بەڕێوەبەرى ئەوقافى دهۆک بە 964ـى راگەیاند، بڕیارە دواى نوێژى عەسرى ئەمڕۆ، لە مەککە نوێژى جەنازەى لەسەر بکرێت و هەر لەوێش بەخاکى بسپێرن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح