فڕۆکەخانەکانى هەرێم لە کوێدان؟

لە 964ـەوە لیستى قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەکانى جیهان بۆ ساڵى 2023 بزانە

964+

وریا فەتاح

بە گوێرەى ئامارێک کە لەلایەن ئەنجومەنی نێودەوڵەتیی فڕۆکەخانەکانەوە ACI World بڵاوکراوەتەوە، تێیدا لیستى قەرەباڵغترین فرۆکەخانەکانى جیهانى بۆ ساڵى 2023 ئاشکرا کردووە، بەپێى داتاکانى ئەنجومەنەکە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دوبەی بۆ یەکەمجار سەرکەوتوو بووە لە گەیشتن بە پلەی یەکەمى جیهان لەڕووی کۆی ژمارەی سەرنشینانى نێودەوڵەتی، بە هەموو فڕۆکەخانەکانى هەرێم و عێراقیش نیو ئەوەندەى فڕۆکەخانەیەک گەشتى تێدا نەکراوە کە لە لیستەکەدا هاتووە.

سەبارەت بە کۆی گشتی هاتوچۆی گەشتە جیهانییەکان، فڕۆکەخانەی ئەتلەنتاى ئەمریکی بە زیاتر لە 104 ملیۆن و 65 هەزار سەرنشین لە پلەی یەکەمی فڕۆکەخانەکانی جیهاندایە، دوای ئەویش فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دوبەی بە زیاتر لە 86.99 ملیۆن سەرنشین پلەى دووەمى گرتووە، دواتر فڕۆکەخانەی دالاس-فۆرت وۆرس بە 81.755 ملیۆن سەرنشین لە پلەى سێدایە.

سەبارەت بە گەشتە نێودەوڵەتییەکان، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دوبەی پێگەی خۆی لە لوتکەی فڕۆکەخانەکانی جیهان پاراست و فڕۆکەخانەی هیسرۆی لەندەن بە 74.9 ملیۆن سەرنشین لە پلەی دووەمدا هاتووە، دواتر فڕۆکەخانەی ئەمستردام بە زیاتر لە 61.88 ملیۆن سەرنشین، لە دوای ئەویش پاریس دێت بە زیاتر لە 61.41 ملیۆن سەرنشین، پاشان سەنگافورە بە زیاتر لە 58.41 ملیۆن سەرنشین، لە دواى ئەویشەوە فڕۆکەخانەى ئەتاتورک لە ئەستەنبوڵ بە 58.23 ملیۆن سەرنشین.

لویس فیلیپی دی ئۆلیڤێرا، بەڕێوەبەری گشتی ئەنجومەنی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان وتی، لەکاتێکدا فڕۆکەخانەکانی ئەمریکا هێشتا زاڵن بەسەر 10 قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەدا لە جیهاندا، بەڵام گۆڕانکاری بەرچاو هەیە، لەنێویاندا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دوبەی بۆ یەکەمجار بازدانێکى گەورەى بۆ پلەی دووەم کردووە.

بەپێی لیستی ئەنجومەنی نێودەوڵەتی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان بۆ 10 قەرەباڵغترین فڕۆکەخانە لە سەرانسەری جیهان بۆ ساڵی 2023 بەم شێوەیەیە:

یەکەم- هارتسفیڵد- جاکسۆن ئەتلەنتا، ئەمەریکا زیاتر لە 104 ملیۆن سەرنشین؛ بە رێژەی 11.7% لە ساڵێکدا بەرزبووەتەوە.

دووە- دوبەی، ئیمارات 87 ملیۆن سەرنشین؛ بە رێژەی 31.7% لە ساڵێکدا بەرزبووەتەوە.

سێەم- دالاس/فۆرت وۆرس، ئەمەریکا 81 ملیۆن و 800 هەزار سەرنشین؛ بە رێژەی 11.4% لە ساڵێکدا بەرزبووەتەوە.

چوارەم- لەندەن هیسڕۆ، بەریتانیا 79 ملیۆن و 200 هەزار سەرنشین؛ بە رێژەی 28.5% لە ساڵێکدا بەرزبووەتەوە.

پێنجەم- تۆکیۆ هانێدا، ژاپۆن 78 ملیۆن و 700 هەزار سەرنشین؛ بە رێژەی 55.1% لە ساڵێکدا بەرزبووەتەوە.

شەشەم- دێنڤەر، ئەمەریکا 77 ملیۆن و 800 هەزار سەرنشین؛ بەرزبوونەوەی 12.3% لە ساڵێکدا.

حەوتەم- ئیستەنبوڵ، تورکیا 76 ملیۆن سەرنشین؛ بە رێژەی 18.3% لە ساڵێکدا بەرزبووەتەوە.

هەشتەم- لۆس ئەنجلۆس، ئەمەریکا 75 ملیۆن و 100 هەزار سەرنشین؛ بە رێژەی 13.8% لە ساڵێکدا بەرزبووەتەوە.

نۆیەم- شیکاگۆ ئۆهێر، ئەمەریکا 73 ملیۆن و 900 هەزار سەرنشین؛ بە رێژەی 8.1% لە ساڵێکدا بەرزبووەتەوە.

دەیەم- دەهلی، هیندستان 72 ملیۆن و 200 هەزار سەرنشین؛ بە رێژەی 21.4% لە ساڵێکدا بەرزبووەتەوە

بەپێى ئامارەکانى ماڵپەڕی ACI World، کاتێک گەشتە ناوخۆییەکان هەژمار نەکرێت و تەنیا گەشتە نێودەوڵەتییەکان هەژمار بکرێت، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دوبەی قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەی جیهانە بۆ ساڵى 2023، لەدواى ئەویشەوە فڕۆکەخانەى هیسرۆ لە لەندەن و سخیپڵ لە ئەمستەردام و چارلز دى گۆڵ لە پاریس دەبینرێن.

قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەکانی جیهان لە ساڵی 2023 لەسەر ئاستى ژمارەى سەرنشینى نێودەوڵەتى بەم شێوەیەیە:

یەکەم- دوبەی، ئیمارات 87 ملیۆن سەرنشین؛ بە رێژەی 31.7% لە ساڵێکدا بەرزبووەتەوە.

دووەم- لەندەن هیسڕۆ، بەریتانیا 74 ملیۆن و 900 هەزار سەرنشین؛ بە رێژەی 28.6% لە ساڵێکدا بەرزبووەتەوە.

سێیەم- سخیپڵ، هۆڵەندا 61 ملیۆن و 900 هەزار سەرنشین؛ بە رێژەی 17.9% لە ساڵێکدا بەرزبووەتەوە.

چوارەم- پاریس شا دی گۆڵ، فەرەنسا 61 ملیۆن و 400 هەزار سەرنشین؛ بە رێژەی 18.6% لە ساڵێکدا بەرزبووەتەوە.

پێنجەم- سەنگافورە چانگی 58 ملیۆن و 400 هەزار سەرنشین؛ بە رێژەی 83.1% لە ساڵێکدا بەرزبووەتەوە.

شەشەم- ئیستەنبوڵ، تورکیا 58 ملیۆن و 200 هەزار سەرنشین؛ بەرزبوونەوەی 20%.

حەوتەم- ئینچیۆن، سۆ. کۆریاى باشور 55 ملیۆن و 800 هەزار سەرنشین؛ بە رێژەی 212.9% لە ساڵێکدا بەرزبووەتەوە.

هەشتەم- فرانکفۆرت، ئەڵمانیا 54 ملیۆن و 100 هەزار سەرنشین؛ بەرزبوونەوەی 20.8% لە ساڵێکدا.

نۆیەم- دۆحە، قەتەر 45 ملیۆن و 900 هەزار سەرنشین؛ بە رێژەی 28.5% لە ساڵێکدا بەرزبووەتەوە.

دەیەم- مەدرید، ئیسپانیا 43 ملیۆن و 800 هەزار سەرنشین؛ بەرزبوونەوەی 20.9% لە ساڵێکدا.

ئەنجومەنەکە، داتاکانى 2 هەزار و 600 فڕۆکەخانەى 180 وڵاتى خستووەتە ناو لیستى بەراوردکردنەوە.

بەپێى ماڵپەڕی ACI World، زیادبوونى گەشتەکان لە ساڵى 2023 دا شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە، چونکە ساڵی رابردوو ساڵێکی گەورە بوو بۆ خەرجییەکانی گەشتکردن، بەشێوەیەک گەشتیاران لە سەرانسەری جیهان نزیکەی 10 تریلیۆن دۆلاریان خستۆتە ناو ئابووری جیهانییەوە، ئەو ژمارەیە 9.1%ی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی پێکدەهێنێت.

لاى خۆیەوە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق ئاماری گەشتی فڕۆکەخانەکانی عێراقی بۆ ساڵی 2023 راگەیاند، بەگوێرەی ئامارەکە هەریەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی 23 هەزار و 43 گەشت ئەنجام دراون و سێ ملیۆن و 446 هەزار و 314 کەس لەرێگەی ئەو دوو فڕۆکەخانەیە گەشتیان کردووە.

بە گوێرەی ئامارەکان بێت، ساڵی رابردوو لە هەر شەش فڕۆکەخانەی (بەغدا، نەجەف، هەولێر، سلێمانی، بەسرە و کەرکوک) 90 هەزار و 421 گەشتی هاتن و رۆیشتن ئەنجام دراون، لەو ژمارەیە نۆ ملیۆن و 455 هەزار و 413 کەس گەشتیان کردووە، ئەم رێژەیە بەراورد بە ساڵی رابردوو %11 زیادیکردووە.

فڕۆکەخانەی بەغدا لە پلەی یەکەم دێت 35 هەزار و 556 گەشتی لێ ئەنجام دراوە و سێ ملیۆن و 661 هەزار و 540 کەس گەشتیان کردووە.

گەشتی هەریەکە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی و کەرکوک لەساڵی 2023 بەمجۆرە بووە:

فڕۆکەخانەی هەولێر لە ساڵی رابردوو، 18 هەزار و 898 گەشتی لێ ئەنجام دراوە، بەکۆی گشتی دوو ملیۆن و 80 هەزار و 39 کەس گەشتیان کردووە.

فڕۆکەخانەی سلێمانی ساڵی رابردوو چوار هەزار و 145 گەشتی لێ ئەنجام دراوە، 642 هەزار و 414 سەرنشینیان گواستوەتەوە.

فڕۆکەخانەی کەرکوک، هەزار و 212 گەشتی لێ ئەنجام دراوە، لەو ژمارەیە 79 هەزار و 575 سەرنشینی گواستوەتەوە.

نزیکەی سێ ملیۆن و نیو گەشتیار لە فڕۆکەخانەی هەولێر و سل...

نزیکەی سێ ملیۆن و نیو گەشتیار لە فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی گەشتیان کردووە