ئەمەریکا پشتگیرى عێراق دەکات

سودانى و بلینکن کۆبوونەوە

964+

وریا فەتاح

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە بە کاتى عیراق، سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا، کۆبوونەوە و پەیوەندى نێوان هەردوو وڵات گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

بەپێى راگەیەندراوى نووسینگەى سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەی نێوان محەمەد شیاع سودانى و ئەنتۆنى بلینکن، وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا، کۆمەڵێک پرس گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە، بە تایبەت لایەنى ئابوورى و هەلى کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بۆ وەبەرهێنان لە عێراقدا.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە لێکتێگەیشتنی دوولایەنە سەبارەت بە زۆرێک لە پرسەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە، رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نوێنەرایەتیی نەخشەڕێگایەک دەکات بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی داهاتووی نێوان عێراق و ئەمریکا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەنتۆنى بلینکن، پاڵپشتى واشنتۆنى بۆ عێراق دەربڕیوە، بە تایبەت لە چەسپاندنى عێراقێکى بەهێز و دیموکراسى و پەیوەندى تەندروست لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ.

بەپێى راگەیەندراوەکە، وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا پاڵپشتى هەنگاوەکانى پەرەپێدان و چاکسازى بۆ حکومەتەکەى سودانى دەربڕیوە.

"هێرشەکانى ئێران سەردانەکەى سودانى بۆ ئەمەریکا بەهێزتر کرد"