بەهۆی بارانی چەند رۆژی رابردوو

لە گوندێکی دهۆک گردێک داڕما و مەترسی بۆسەر چەند ماڵێک دروستکرد

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

بەهۆی بارانی چەند رۆژی رابردوو، لە گوندی “پیرومەرا”ی دهۆک گردێک داڕما و مەترسی بۆسەر حەوت ماڵ دروستکرد، تیمەکانی شارەوانی دوو رۆژە سەرقاڵی پاککردنەوەی پاشماوەی گردە داڕماوەکەن.

زەکی حاجی جادر، موختاری گوندی پیرومەرا بە 964ی وت، چەند رۆژێک بوو گردەکە مەترسی داڕمانی هەبوو، بەڵام دواجار دوێنێ روخا و زیانی بە دیواری دوو ماڵ گەیاند و درزیان برد، هاوکات حەوت خێزان ماڵەکانیان جێهێشتووە تا پاشماوەی گردە داڕماوەکە چارەسەر دەکرێت.

ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتی شارەوانی دهۆک بە 964ی وت، “تیمەکانمان لە دوێنیوە خەریکن پاشماوەکە لابدەن و ئەو بەشەی مەترسی دروستکردووە لایدەدەن”.

گوندی پیرومەرا دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای دهۆک نزیک سکری دهۆک، و 40 ماڵە و 220 کەسی لێ دەژیت.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی