داوای را لە دەزگای شەهیدان کراوە

لە تۆپزاوە گردبووەنەوە کرا و چاویان لە دروستکردنی مۆنۆمێنتەکەیە

964+

ئەحمەد مستەفا

دانیشتووان و چالاکوانان لە تۆپزاوە گردبوونەوە و وتیان، دوای چەندین هەوڵ و گەیاندنی داواکاری نووسەران، چالاکوانان و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید، دواجار چەند هەنگاوێك نراوە بۆ دروستکردنی مۆنۆمێنتی ئەنفال لە شوێنی سەربازگەی تۆپزاوە لە کەرکوك.

ئەمڕۆ شەممە 13.4.2024، لە 36 ساڵەی تاوانی ئەنفال، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە نێو سەربازگەی تۆپزاوە سازکرا، دانیشتووان، چالاکوانان، نووسەران و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید، هەنگاوەکانیان بۆ پاراستنی سەربازگەی تۆپزاوە خستەڕوو، هێمن حەسیب یەکێکە لەوان و بە 964ی وت، رۆژی 17.2.2024، 44 نووسەر و چالاکوانی بواری جینۆساید و 22 رێکخراوی بواری جینۆساید، داواکارییەکیان ئاراستەی کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ کرد، تا سەربازگەی تۆپزاوە شوێنی زیندانیکردنی ئەنفالکراوان بکرێتە مۆنۆمێنتێکی شایستە بە قوربانیانی ئەنفال.

بە قسەی ئەو، کۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی عێراق، بە نووسراوی ژمارە 70 لە رۆژی 14.3.2024، داواکارییەکەی ئاراستەی نووسینگەی تایبەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە.

دوای وەرگرتنی دید و بۆچوونی دەستەی راوێژکارانی ئەنجومەنی وەزیران، کە پاڵپشتی داواکارییەکەیان کردووە بۆ ئەوەی سەربازگەکە بکرێتە مۆنۆمێنت، لە رۆژی 27.3.2024، نووسینگەی تایبەتی سەرۆک وەزیران بە نووسراوی ژمارە 3068/ 241354، داواکارییەکەی ئاراستەی دەزگای شەهیدانی عێراق کردووە تا وەك لایەنێکی پەیوەندیدار دید و بۆچوونی خۆیان بخەنەڕوو.

هێمن حەسیب، کە چالاکوان و یەکێک لە هەڵسوڕێنەرانی کارەکانە، ئەوەشی وت، ئەوەی کردوویانە چەند هەنگاوێکی سەرەتاییە و هەموو هەوڵێك دەدەن، تا سەربازگەی تۆپزاوە بکرێتە مۆنۆمێنتێکی شایستە بە قوربانیانی جینۆساید، کە وابڕیارە لە نزیکترین کاتدا سەردانی بەغدا بکەن، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی دەزگای شەهیدانی عێراق تایبەت بەو پرسە.