لەسەر ئەرکی خۆیان
ژینگەدۆستانی حاجیاوا نەمامی دیکەشیان چاند
964+
ژێوار خدر – راپەڕین
گرووپی (ژینگە دۆستی حاجیاوا) کۆمەڵێك گەنجی شاری حاجیاوان، لەسەر ئەرکی خۆیان ساڵانە سەدان نەمام لە سنوری قەزای حاجیاوا دەچێنن.
ئیبراهیم عومەر سەرپەرشتیاری گروپەکەیە بۆ 964 قسەی کرد و وتی، “لە ساڵی 2019 وە ئەم گروپەمان دروستکردووە، کۆمەڵێک گەنجی شاری حاجیاوا تیایدا ئەندامن”.
گروپی ژینگە دۆستی حاجیاوا لە ساڵی 2020 وە دەستییان بە چالاکی نەمام چاندن کردووە، و ئەو نەمامانەی چاندوشیانن بریتین لە (توو و سنەوبەر و زەیتوون).
“تەنیا ئەمساڵ 250 نەماممان چاندووە لە قەزای حاجیاوا، وە لە کۆتا چالاکیشیااندا کە دوو رۆژی رابردوو بووە، لە دوو شوێنی جیاوازی حاجیاوا 95 نەمامیان چاندووە لە شوێنە گشتییەکانی وەک شەقام و قوتابخانە و مزگەوتەکان.” ئەوەش بە قسەی ئیبراهیم عومەر.
لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا ئەم گروپە، زیاتر لە 1000 نەمامییان لەسەر ئەرکی خۆیان لە سنوری قەزای حاجیاوا چاندووە، ئەوەش لەژێر چاودێری و رێنمایی ستافی باخچەکانی شارەوانی حاجیاوا، کە بەرچاوترین چالاکی گروپەکە بووە لە حاجیاوا.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا