دوای خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن داهاتی سلێمانی بوو بە دوو هێندە

ئاودێر عومەر – سلێمانی

لەدوای کۆتاییهاتنی خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن و دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەرێگەی باشماخ و سەیرانبەن، داهاتی رۆژانەی سلێمانی بۆ نزیکەی دوو هێندە بەرزبووەوە.

بەپێی ماڵپەری شەفافییەت کە داهاتی سنووری سلێمانی و دەوروبەری دەخاتەڕوو، لە ماوەی پێنج رۆژی خۆپیشاندانەکاندا، سلێمانی 10 ملیار و 634 ملیۆن و 303 هەزار و 574 دیناری کۆکردووەتەوە، بەڵام لە پێنج رۆژی پێش خۆپشاندانەکاندا 17 ملیار و 936 ملیۆن و 501 هەزار 542 دینار کۆکراوەتەوە.

لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا، واتە لە رۆژی 10ی کانونی دووەم تاوەکو 15ی کانونی دووەم، بە سەدان بارهەڵگر هەندێک بەبارەوە و هەندێکی دیکە لە چاوەڕوانی باردا، لە رێگەی ملەکەوە گیریان خواردبوو.

سەروەر عەلی، سەرۆکی لیژنەی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە 964+ی راگەیاند “80٪ی سەوزەو میوە لە رێگەی باشماخ و سەیرانبەنەوە هاوردە دەکەین، زەرەرمەندی سەرەکی ئێمەین… نرخەکانیشیان گرانبووە.”

حاجی عیزەت بەقاڵێکی عەلوەکەی سلێمانییە، ئەو بە 964+ی وت، لە 10ی ئەم مانگەوە بەهۆی خۆپیشاندانەکان رێگە لە هەشت بارهەڵگری گیراوە، هەر بارێکی بایی 15 ملیۆن دینارە.

“سەوزە و میوکان لەو سەرمایە خراپ دەبن، پێنج رۆژە دووکانەکانمان هیچی تێدا نییە و هیچ کڕین و فرۆشتنمان نیە، ئەوەی ئێستا لەعەلوە دەیبینن بە رێژەیەکی کەم و بە نرخێکی گرانتر لە مەرزی کێلێ و حاجی ئۆمەران و پەروێزخان و شوشێ هاوردە دەکرێن،” حاجی عیزەت وای وت.

دوای پێنج رۆژ و لەدوای وەرگرتنی بەڵێنێک بۆ چارەسەرکردنی کەمی کارەبا و نەوتی قەزاکە، ئەمڕۆ خۆپیشاندەرانی پێنجوێن رێگەی ملەکەوەیان چۆڵکرد.