حاسڵاتی ئەم ئیوارەیە

ئیسرائیل تەرمی یەکێک لە بارمەتەکانی لە غەزە دەگەڕێنێتەوە

964+

ژووری هەواڵ

میسر هەوڵێکی چڕی دەستپێکردووە بۆ بەرقەراکردنی وەستانی شەڕ لە کەرتی غەزە، داواکاری سەرەکی حەماس ئەوەیە شەڕ بۆ هەمیشە بوەستێت و هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەزە بکشێنەوە.

ئیسرائیل دەڵێت، تەرمی یەکێک لە بارمەتەکانیان بەناوی (ئیلعاد کەتسیر) لە خان یونس دۆزیوەتەوە کە رۆژی 7ی ئۆکتۆبەر لەگەڵ دایکی لەلایەن حەماسەوە رفێنرابوون، بەگوێرەی راگەیەنراوی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەمەوبەر دووجار حەماس ڤیدیۆی ئەو رفێنراوەی بڵاوکردوەتەوە، بەڵام وا دەردەکەوێت لە سێدارە درابێت.

گۆڤاری نیوزویکی ئەمریکی بڵاویکردوەتەوە، بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس جەماوەری جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بەشێوەیەکی سەرسوڕ‌هێنەر دابەزیووە، بەجۆرێک لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوەوە تا کۆتایی مانگی ئازار بەپێی سێ راپرسی 9 پلە دابەزییوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی جدید بکارە لە پارێزگای دێرەزووری سوریا چەکدارانی خەڵکی ناوچەکە بەچەکی قورس هێرشیان کردە سەر دوو بازگەی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات و چەند چەکدارێکیان دەستگیرکرد.

بەهۆی هەرەسهێنانی بەنداوێک لە ناوچەی ئۆرینبۆرگی روسیا لافاو دروست بووە، چوار هەزار 208 کەس ماڵەکانیان جێهێشت کە زیاتر هەزاریان منداڵ بوون، دەوترێت هەرەسهێنانی بەنداوەکە بەهۆی توانەوەی بەستەڵەک بووە.