چریکەیەکی کرماشانی لە زیندانەکانی ئێرانەوە
964+
هێرۆ مەولودی – هەولێر
سامان یاسین راپەر و گۆرانیبێژی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لەناو زیندان گۆرانیەک بە ناوی “ئازادیی” بە رێگەی تەلەفۆن بۆ هاوڕێیەکی دەڵێت و ئێستا بڵاوکراوەتەوە.
سامان ئەم گۆرانیەی دوای لەسێدارەدانی دوو زیندانی سیاسی لە ئێران وتووە، یەکێک لە هاوڕێکانی مۆسیقای بۆ داناوە و لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، سامان لە زیندانی رەجایی شارە لە کەرەج و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.
لە گۆرانیەکەیدا دەڵێت “ماوەیەکە لە زیندانم، ئیستا دوعام بۆ بکەن با دایکم دڵگران نەبێت، هەر رۆژ یەکمان لە سێدارە دەدرێت”.
سامان سەییدی ناسراو بە سامان یاسین تەمەنی 24 ساڵە، راپەڕ و گۆرانیبێژی خەڵکی کرماشانە و لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێران بە تاوانی دژایەتی و تێکدانی ئاسایشی وڵات دەستگیرکراوە.