دوکانێکی زێڕەنگەر - وێنە: ئەرشیفی 964
مسقاڵێک بەچەندە؟
نرخی زێڕ بەرزترین ئاستی تۆمار کرد لە مێژوودا
964+
ژووری هەواڵ
ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەرزترین ئاستی لە مێژووی بازاڕە داراییەکاندا تۆمار کرد و گەیشتە 2265 دۆلار.
دلێر غەریب، زێڕەنگەر لە بازاری زێرەنگەرانی سلێمانی بە 964ـی وت، ئەمڕۆ لە بازاڕدا نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 315 دۆلارە و عەیارە 18ـش بە 270 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
“ئەو بەرزبوونەوەیە لە نرخی زێڕ بەهۆی دواین پێشهاتی دۆخی ئاڵۆزی نێودەوڵەتی هاتووەتە ئاراوە و پشووەکانی ئیستەریش کە بە جەژنی قیامەی کریستیانەکان ناسراوە کاریگەری هەبووە”، دلێر غەریب وای وت.
بە وتەی ئەو زێڕەنگەرە بێت، ئەو بەرزبوونەوەی کاریگەری لەسەر بازاڕ داناوە و کڕین و فرۆشتن سست بووە، “خەڵک دێن تەنیا پرسیار دەکەن”.
کەمبوونەوەی خەرجیی بەکاربەر دەبێتە یەکێک لە ئاماژەکان کە هەڵاوسان لە ئەمریکا رووەو دابەزین هەنگاو دەنێت، ئەوەش ئەو پێشبینییە بەهێز دەکات کە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود دەکات، کە ئەوە بە زیانی دۆلار و قازانجی زێڕ دەشکێتەوە.