لۆگۆى سەندیکاى پارێزەرانى کوردستان 964+
15ـى 4 دوا مۆڵەتە
سەندیکاى پارێزەران لێخۆشبوون بۆ کۆمپانیاکان دەردەکات
964+
وریا فەتاح
سەندیکاى پارێزەران بڕیاریدا بە لێخۆشبوون لە وەرگرتنى پێبژاردن کە بەهۆى ئەنجامنەدان یان نەبردنى گرێبەستى راوێژکارى یاسایى لەسەریان کەڵەکە بووە.
لە ئاگادارییەکدا سەندیکاى پارێزەران سەرجەم کۆمپانیاکان ئاگادار دەکاتەوە، پاڵپشت بە دانیشتنی ئەنجومەنی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان ژمارە 184 و لەپێناو دەرفەت دان بە کۆمپانیاکان بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی راوێژکاری یاسایی لەگەڵ پارێزەران و سوککردنی پابەندی داراییان، بڕیار درا بە لێخۆشبوون لە وەرگرتنی پێبژاردن لە پەسەندکردنی گرێبەستی راوێژکاری یاسایی لە سەندیکای پارێزەران.
ئومێد مەحمودى پارێزەر لە بارەى بڕیارەکەوە بە 964ـى وت،”بەپێى یاسا هەموو کۆمپانیایەک پێویستە راوێژکارێکى یاسایى (پارێزەر)ێکى هەبێت کە پێویستە بە گرێبەستێکى هەبێت و کۆپییەک لە گرێبەستەکە ببرێتە سەندیکاى پارێزەران و لەوێ تەسدیق بکرێت، بە پێچەوانەوە هەر کۆمپانیایە ئەوە نەکات سزاى پێبژاردنى دەکەوێتەسەر”.
بە وتەى ئەو پارێزەرە، لێخۆشبوون لە سزاى پێبژاردنەکە ئەو کۆمپانیایانە دەگرێتەوە کە پارێزەریان نەبووە یان گرێبەستى پارێزەرەکەیان نەبردووە بۆ سەندیکا.
سەندیکاى پارێزەبەران دەرفەت بە کۆمپانیاکان دەدات لە رۆژى 1.4.2024ـەوە تا کۆتایى رۆژى 15.4.2024، کۆمپانیاکان کارەکانیان ئەنجام بدەن بۆ ئەوەى لێخۆشبوونەکە بیانگرێتەوە.
داواش دەکات، کۆمپانیاکان سوود لەو دەرفەتە وەربگرن و گرێبەستەکانی راوێژکاری یاساییی لەگەڵ پارێزەران، لەو ماوەیە پەسەند بکەن.