دیمەنی قەزای بازیان - وێنە: 964
گۆڕانکاری لە رۆژەکەدا کراوە
سێشەممە لە بازیان منداڵانی تازەلەدایکبوو دەکوترێن
964+
پێشەوا محەمەد
تەندروستیی بازیان رایدەگەیەنێت، رۆژی سێشەممە 2.4.2024 منداڵانی تازەلەدایکبوو دەکوترێن، ئەوەش بەهۆی پشووی رۆژی دووشەممەوە.
تەندروستیی بازیان تەنیا رۆژانی دووشەممە کوتان بۆ منداڵانی تازەلەدایکبوو دەکات، بەڵام دووشەممەی رابردوو بەهۆی بایکۆت و سبەینێش بەهۆی پشووەوە ناتوانن و دووشەممەی داهاتووش ئەگەری جەژنی رەمەزان هەیە، بۆیە بەڕێوەبەرایەتییەکە بڕیاری داوە سبەی کوتانەکە ئەنجام بدات.
ئیسماعیل ئەمین، وتەبێژی تەندروستیی بازیان بە 964ـی راگەیاند، گۆڕینی رۆژەکە تەنیا بۆ ئەم هەفتەیەیە و لە هەفتەکانی داهاتووەوە وەک خۆی لێدێتەوە.
وتیشی، “ئەو پێکوتەیەی بەکاردەهێندرێت بەشی 20 کوتان دەکات و هەر بشکرێتەوە ئەگەر یەک کوتانیشی پێبکرێت دەبێت فڕێبدرێت، بۆ ئەوەی خەسار نەبێت هەفتانە یەک رۆژ کوتان ئەنجام دەدرێت”.
ئەو کوتانە دژی هەندێ نەخۆشیی وەک سیل و سوورێژە و دڕکەمێکوتەیە.
964 پرسیاری ئەوەی کرد، ئاخۆ دواکەوتنی کوتانەکە کێشەی تەندروستی بۆ منداڵە تازەلەدایکبووەکان دروست ناکات، ئیسماعیل ئەمین لە وەڵامدا وتی، “هەتا مانگێکیش دواکەوتنی کوتانەکە هیچ کێشەیەک بۆ منداڵەکە دروست ناکات”.