مامۆستاکان چۆڵی ناکەن
حکومەت قوتابخانەیەکی لە پشدەر بەکرێ داوە
964+
محەمەد عەلی ــ پشدەر
لە کاتێکدا پەروەردەی پشدەر گرفتی کەمی و کۆنی بینای خوێندنی هەیە، کەچی بینای قوتابخانەیەکی بنەڕەتی بەکرێ داوە بە کەرتی تایبەت.
سەیوان محەمەد مامۆستای قوتابخانەکەیە و بە 964ـی وت، ” بەشێکی زۆری ئەو بینایە خۆمان نۆژەنمان کردووەتەوە و دروستمان کردووە، ئێستاش کێشە و گرفتی زۆری ماوە، کەچی ئاگادار کراوینەوە بینای قوتابخانەکە چۆڵ بکەین، چونکە بە بڕی 400 هەزار دینار بەکرێ دراوە، گوایە دەکرێت بە باخچە یان قوتابخانەی ئەهلی.
وتیشی، ئێمە نزیکەی 300 خوێندکارمان هەیە و دوو دەوامی تێدا دەکرێت، کە چۆڵی بکەین بینای خوێندنمان نییە و بەدیلمان نییە، بۆیە لەگەڵ کەسوکاری خوێندکاران و ئیدارەی قوتابخانەکە بڕیارمان داوە بە هیچ شێوازێک ئەم بینایە چۆڵ ناکەین.
ئەبوبکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر لە بارەی بەکرێدانی بینای قوتابحانەکەوە بە 964ـی وت، لە بنەڕەتدا زەوی قوتابخانەکە موڵکی شارەوانییە، بیناکەشی لەلایەن تێبینەرایەتیی ئەوقافی پشدەرەوە لە ساڵانی رابردوودا کراوە بە مەدرەسەی دینی، بەڵام دواتر بینایەکی تریان بۆ مەدرەسە دینییەکە دروست کردووە، دواتر بینایەکە کراوە بە قوتابخانە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا تێبینەرایەتیی ئەوقاف دەیەوێت بینایەکە بەکرێ بدات، بەڵام ئێستا ئیدارەی قوتابخانەکە و کەسوکاری خوێندکاران ناڕازین و نووسراویان بۆ پەروەردەی راپەڕین کردووە، ئەوانیش نووسراوەکەیان بۆ وەزارەتی پەروەردە بەرز کردووەتەوە، بەڵام تا ئێستاش وەزارەت وەڵامی ئەو نووسراوەیانی نەداوتەوە، بۆیە گرفتەکە وەک خۆی ماوەتەوە.
لە سنووری قەزای پشدەر 175 ناوەندی خوێندن هەن،کە دابەش بوون بەسەر 115 بینای خوێندن، 107 بینا پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە و حەوت بینا فەرمانی رووخانیان هەیە و پێویستە دروست بکرێنەوە، ئێستاش دەوامیان تێدا دەکرێت، جگە لەمە پێویستیان بە 15 بینای دیکەیە، کە دروست بکرێن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی