بەیانی ئەمڕۆ
لە سەرەی وەرگرتنی موچەی خانەنشینی ژنێک گیانی لەدەستدا
964+
میلاد جەلال
بەیانی ئەمڕۆ لەبەردەم بانکی کەلار لەکاتی سەرەگرتن بۆ وەرگرتنی موچەی خانەنشینی، ژنێک گیانی لەدەستدا.
رزگار لەتیف بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید هەژار بە 964ی وت، ئەو ژنەی گیانی لەدەستداوە نەخۆشی شەکرە و فشاری خوێنی هەبووە، بەڵام گومان دەکرێت بەهۆی جەڵتەوە گیانی لەدەستدا بێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی 964 ئەو ژنە ناوی “ئامینە حەسەن”ە و دانیشتووی ناحیەی رزگارییە تەمەنی 77 ساڵە، ئەمڕۆ لەکاتی چوون بۆ وەرگرتنی موچەی خانەنشینیەکەی گیانی لەدەستداوە.
ئاریا ئەنوەر، بەڕێوەبەری بانکی کەلار بە 964ى وت،”ئەو ژنە نزیک کاتژمێر 7:40 خولەکی بەیانی، پێش دەستپێکردنی دەوامی فەرمی ھاتۆتە پێش بانک، باری تەندروستی تێکچووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، پۆلیسەکانی بەردەم بانکەکە، رۆشتونەتە لای پەیوەندییان بە کەسوکاریەوە کردووە، تاکو ئەوان ھاتوون یەکێک لە پۆلیسەکان تەکسیەکی گرتووە بیبات بۆ نەخۆشخانە لەڕێگا لەناو تەکسیەکە گیانی لەدەستداوە.
داڕشتنەوە: فەهمی نەبی