پێشمەرگەکان چاویان لە خێرۆمەندانە بۆ گەیاندن

+964

هێرۆ مەولودی – هەولێر

لە کاتی سووڕانەوە لە فولکەی باز لە هەولێر، پێشمەرگەیەکی کوردستان دەبیندرێت کە بە جانتایەک و چەکەکەی سەر شانی چاو دەگێڕێت تا خێرۆمەندێک نزیکی بکاتەوە لە شوێنی دەوامەکەی.

 س.ع پێشمەرگەیەک بوو لەوێ، بە دەم سوپاسەوە باسی ئەوەیکرد بەرەو قەرەچوغ دەڕوات و حەوت ساڵە پێشمەرگەیە و کرێچیە لە بنەسڵاوە و خاوەنی سێ منداڵە، سەر و سیمای ماندووی بە سەروو 30 ساڵی دەچوو.

بە قسەکانی تێگەیشتم، بە دوو ئۆتۆمبیلی تر گەیشتووەتە ئەم شوێنە.

ئەویش هەستی بەوەکردبوو گوێگرم بۆی، باسی موچەی مانگانەم کردەوە و وتی “مامۆستا موچەت 500 هەزار دینار و یەک تایگەر بێت و ئەوەش حاڵت بێت چۆن دەڕوانیتە ژیان؟”.

بە قسەی خۆی، حەوت رۆژ لە قەرەچووغ دەوام دەکات و 14 رۆژ لە ماڵەوە، تاوەکو دەگاتە دەوامەکەی چەندین ئۆتۆمبێل دەگۆڕێت، بەیانی زوو لە ماڵ دەردەچێت و 3:00ی پاشنیوەڕۆ دەگات.

لە نزیک وێستگەی کارەباکەی مەخمور ماڵئاواییم لێکرد و دواتر، بۆ ئەو بابەتە راستەوخۆ پەیوەندیم بە بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی پێشمەرگە، عەمید عوسمان محەمەد کرد.

ئەو سەبارەت بە نەبوونی ئۆتۆمبیل و ئامرازی گواستنەوە بۆ پێشمەرگەکان وتی “ئەمڕۆ پشووە لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، رۆژانی شەممە وەڵامی هیچ پرسیارێک نادەینەوە، ئەو بابەتەش ئێستا کاتی نییە و هیچ وەڵامێكم نییە”.

هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هێزی سەربازی هەرێمی کوردستانە و لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمە، بەپێی دەستوری عێراق هێزێکی دەستورییە و لە ساڵی 2005 بە فەرمی دامەزراوە، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەیان دەگاتە 200 هەزار کەس.