هۆکارێکە بۆ رووداوەکانی هاتوچۆ
لە قەزای دوکان چاڵ و چۆڵی شەقامێک شۆفێرانی هەراسان کردووە
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
ماوەیەکی زۆرە شۆفێرانی قەزای دوکان گرفتاری دەستی تێکچوونی شەقامێکی سەرەکی ئەو قەزایەن، شەقامە پڕ لە چاڵ و چۆڵەکەی قەزای دوکان نزیکەی کیلۆمەترێک دەبێت، کەوتووەتە گەڕەکی فەرمانبەرانی قەزاکە و هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی چەند پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆی بەسەرەوەیە.
لەماوەی هەفتەیەکدا دوو رووداوی هاتوچۆ لە نێوان بارهەڵگرەکانی گواستنەوەی سوتەمەنی لەوشەقامە روویداوە، بووەتە هۆی رژانی نەوتی رەشی بارهەڵگرەکان بەوهۆیەوە زێی دوکان پیسبوو.
سیروان سەرحەد، قایمقامی قەزای دوکان بۆ 964 وتی، “چەندینجار لەگەڵ شارەوانی دوکان نوسراومان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی کردووە بۆ چاککردنەوەی شەقامەکە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجە نەتوانراوە جێبەجێ بکرێت”.
بەوتەی قایمقامی دوکان، هۆکاری تێکچوونی شەقامەکە، هاتوچۆی ئەو هەموو بارهەڵگرەیە کە رۆژانە بەو شەقامە هاتوچۆ دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەرخستەیەکمان ئامادەکردووە، ئەگەر چاکسازی بنەڕەتی بکەین بودجەی یەک ملیار دیناری دەوێت بۆ چاکسازی سەرەتاییش بڕی 250 ملیۆن دیناری دەوێت، بۆ دابین کردنی بودجەکەی پەنامان بردووەتە بەر ئیدارەی گشتی یەکێتی نیشتیمانی بۆ ئەوەی چاکسازی بکەین لەشەقامەکەدا.
قەزای دوکان سەربە پارێزگای سلێمانیە و لە پێنج ناحیە پێکدێت و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 84 هەزارکەس دەبێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی