“کارەبای زیاتر لە 800 ماڵ و شوێنی بازرگانی گەڕەکە دەوڵەمەندنشینەکان بڕاوە”

+964

فەهمی نەبی – هەولێر

بەڕێوەبەری فرۆشتنی وزە لە کارەبای هەولێر دەڵێت، کارەبای زیاتر لە 800 ماڵ و شوێنی بازرگانییان بڕیوە لە گەڕەکە دەوڵەمەندنشینەکانی شارەکە، بەهۆی قەرزەوە.

تاڤگە کاکەسوور، بەڕێوەبەری فرۆشتنی وزە لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای ھەولێر/1، تایبەت بە +964ی وت “کارەبای هەموو ئەو ماڵ و شوێنە بازرگانییانەمان بڕیوە کە پارەی کارەبایان نەداوە، لە هەریەکە لە گەڕەکەکانی وەزیران، 32 پارک و بەختیاری”.
بە قسەی ئەو، لە ماوەی سێ مانگدا، بە گشتیی کارەبای زیاتر لە هەزار و 700 ماڵ و شوێنی بازرگانی بڕاوە.

964+ دەزانێت، رێگەدراوە بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا، کە قیستی کارەبا بۆ هاوڵاتیان بکەنە 12 قیست، بەڵام بۆ بواری بازرگانی تەنیا هەشت قیست هەیە.

رۆژی شەممە، 14ی کانونی دووەمی 2023، وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، هاوبەشەکانیان دەتوانن بچن بۆ بەشی فرۆشتنی کارەبا بۆ ئەوەی پارەی قەرزەکەیان بۆ بکرێتە قیست.

ئەو بڕیارەی وەزارەتی کارەبا بۆ سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستانە.

بەپێی کۆتا ئاماری ئەو وەزارەتە، هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستان ترلیۆنێک و 100 ملیار دینار قەرزاری کارەبای نیشتیمانین.