دۆلار زیاتر دادەبەزێت

“پڕوپاگەندەى سەردانى سودانى بۆ ئەمەریکا بەهاى دۆلارى دابەزاند”

964+

وریا فەتاح

ئەندامێکى لیژنەى ئابوورى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق پێى وایە، دابەزینى بەهاى دۆلار پەیوەستە بەو رێکارانەى بانکى ناوەندى کە لەماوەى یەک ساڵى رابردوو گرتوویەتییەبەر، دەشڵێت: دابەزینى دۆلار و گرێدانى بە سەردانەکەى سودانى بۆ ئەمەریکا، پڕوپاگەندەیە.

نەرمین مەعروف، ئەندامى لیژنەى دارایى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بە 964ـى وت،”ئەو دابەزینەى لە بەهاى دۆلار بەرامبەر دینار لە چەند رۆژى رابردوودا روویداوە، پەیوەندى هەیە بە هەوڵەکانى بانکى ناوەندى کە زیاتر لە ساڵێکە گرتویەتییە بەر بە ئاراستەى دابەزینى بەهاى دۆلار لە بازاڕى رەش و نزیکردنەوەى لە نرخى فەرمى بانکى ناوەندى”.

بەلاى ئەو ئەندامەى لیژنەى دارایى، رێکارەکانى رێگریکردن لە سپیکردنەوەى پارە و ئاودیوکردنى سەرمایە و بە قاچاخبردنی دۆلار و رێکارەکانى دەستکەوتنى دۆلار بە نرخى فەرمى بۆ گەشتیاران، لە هۆکارە سەرەکییەکانى دابەزینى دۆلارن.

بە وتەى نەرمین مەعروف، پرسى بە ئەلیکترۆنیکردنى مامەڵەى بازرگانى لە بەندەرى دەریایى عێراقەوە بەتایبەت لە بەندەرى ئوم قەسر و فاو و ئەو دەروازە سنووریانەى کە عێراق لەگەڵ جیهانى دەرەوە هەیەتى، بووەتە هۆکارێک بۆ دابەزینى بەهاى دۆلار چونکە مامەڵەى بازرگانى بەشێوەى ئەلیکترۆنى ئەنجام دەدرێت و باج و گومگریش هەر بەو شێوەیە رێکخراوە.

لەبارەى ئەنجامدانى مامەڵەکانى ناوخۆ بە دینار و کاریگەرى لەسەر دابەزینى بەهاى دۆلار، ئەو ئەندامەى ئەنجومەنى نوێنەران پێى وایە، کەمکردنەوەى دۆلار لە مامەڵە ناوخۆییەکاندا رۆڵێکى گەورەى بینى کە وایکرد  خواست لەسەر کڕینى دۆلار لەناوخۆدا کەم ببێتەوە و مەمەڵەکان بە دینار ئەنجام بدرێن.

سەردانى سودانى بۆ واشنتۆن کە بڕیارە 15ـى نیسان ئەنجامى بدات، لە شەقامى عێراقى زۆرترین دەنگدانەوەى هەبوو ئەوەش بە ئاراستەى دابەزینى بەهاى دۆلار، بەڵام نەرمین مەعروف ئەوە وەک پڕوپاگەندە دەبینێت و وتى،”پڕوپاگەندەش کاریگەرى خۆی هەیە، لەگەڵ دیاریکردنى وادەى سەردانى سەرۆک وەزیران بۆ ئەمریکا جۆرێک لە دەنگۆ و پڕوپاگەندە بڵاوبووەتەوە کە لەگەڵ ئەم سەردانە دەتوانرێت کارئاسانى زیاتر بکرێت بۆ ئەوەى کەمتر کۆت و بەندى ئەمریکى لەسەر عێراق جێبەجێبکرێت، سەردانەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان عێراق دەستکراوە بکات لە بەکارهێنانى ئەو دەسەڵاتانەى هەیەتى ئەم دەنگۆیانە کاریگەرى هەیە لەسەر ئەوەى کە مامەڵەکاران لە چاوەڕوانیدان کە بەهاى دۆلار زیاتر بشکێت، ئەمەش واى کرد بەشێکى زۆر لە خەڵک دۆلارەکانیان بفرۆشن و خواست لەسەر دۆلار کەم ببێتەوە کە دواجار دابەزینى بەهاى دۆلارى لێکەوتەوە”.

دۆلار زیاتر دادەبەزێت؟

دۆلار زیاتر دادەبەزێت؟