بەڕێوبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ 964

هەر کارمەند و ئەفسەرێک بە جلی فەرمی وێنە و ڤیدیۆ بڵاوبکاتەوە سزا دەدرێت

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریداوە ھەر ئەفسەر وکارمەندێکی ئاسایشی ناوخۆ بە جلوبەرگی سەربازی وێنەی خۆی بڵاوبکاتەوە جگە لە کاری فەرمی، تووشی لێپرسینەوە دەبێت.

بە واژۆی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێم، نووسراوێک ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاسایشی ناوخۆ کراوە لە ھەرێمی کوردستان و رێکەوتی 26.2.2024ی لەسەرە.

د.ھێمن میرانی بەڕێوبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بە 964ی وت، “بەڵێ ئەو نووسراوە مانگی شوبات دەرچووە و بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاسایشی ناوخۆ نێردراوەتەوە، لە ماوەی رابردوودا هەندێک کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا هەڵسوکەوتیان کردووە شایستە نەبووە بە جلوبەرگی هێزەکانی ئاسایش بۆیە ئەو گشتاندنە  دەرچووە”.

“دوێنێ دیسان ئەو نوسراوە بۆ هەموو بەڕێوەبەرە گشتییەکانی تایبەت بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ نێردراوەتەوە، هەر ئەفسەر و کارمەندێک بە جلوبەرگی فەرمییەوە لەدەرەوەی کاری فەرمی وێنەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکاتەوە، ئەنجومەنی لێکۆڵینەوەی لەسەر دروست دەکرێت، ئەو نامەیە بە هەموان گەیشتووە”، د.هێمن میرانی وای وت.

لەبارەی سزای سەرپێچی ئەو بڕیارە، بەڕێوبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: دروستکردنی لیژنە لە ئەنجومەنی لێکۆڵینەوەی لەسەر هەر کارمەندێک لە بواری سەربازی ئەمە وەک سزایە، ئەوەیە کەس نایەوێت بەسەری بێت.

بەپێی بڕیارەکە ئەفسەر و کارمەندان ناتوانن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆی راستەوخۆ بکەنەوە یان هەندێک شوێن لێیان قەدەغەکراوە بەو جلانە بۆی بڕۆن، هاوکات ئەگەر لە دەرەوەی دەوام بەجلوبەرگی فەرمییەوە بەشداری بۆنەیەک بکەن، تا رەزامەندی وەرنەگرن ناتوانن وێنە و ڤیدیۆکە لە سۆشیال میدیا و کەناڵەکانی راگەیاندن بڵاوبکەنەوە، ئەمەش بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ.

+964صورة من منصة (شبكة):