لە بازگەکانی عێراق کێشەیان هەبوو

کێشەی هێنانی “ئامێریی کارەبایی ناوماڵ” چارەسەر کرا

964+

پێشەوا محەمەد

کێشەی بازرگانانی ئامێری کارەبایی ناوماڵ لە شاری سلێمانی چارەسەر کرا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی دەڵێت، ئێستا هیچ رێگرییەک لەبەردەم هێنانی کەلوپەلەکانیاندا نییە.

ماوەی چەند هەفتەیەک بوو لە سنوورەکانی نێوان بەغدا و هەرێم رێگری لە هاتنەناوەوەی ئامێریی کارەبایی بۆ هەرێم دەکرا، کە بازرگانان لە وڵاتی چینەوە هاوردەیان دەکرد و ئەوانیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان پەنایان بۆ ژووری بازرگانیی سلێمانی برد.

ئانۆ نەسرەدین سەفرەیی، یەکێک لە بازرگانەکانی کەلوپەلی کارەبایی لە شاری سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، نزیکەی مانگیك بوو بە بیانووی جیاجیا لە بازگەکانی حکومەتی عێراق نەیانهێشتووە بارەکانیان بهێننە ناو هەرێمەوە.

وتیشی، “جارێک داوای گومرگی زیاتریان دەکرد، جارێک دەیانوت دەبێت بارەکان و کەلوپەلەکان لەژێر ناوی حکومەتی عێراقییەوە بهێنن و جاری واش هەبوو نەماندەزانی بۆچی رێگریمان لێدەکەن”.

لای خۆشییەوە نەوزاد غەفوور، سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەوان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق و ژووری بازرگانیی بەغدا لەسەرخەت بوون و کێشەی ئەو بازرگانانەیان چارەسەر کردووە.

وتیشی، “ئێستا هیچ کێشەیەکیان نەماوە و هیچ رێگری و کێشەیەک بۆ هێنانی کەلوپەلەکانیان دروست ناکرێت”.

ژووری بازرگانی سلێمانی: قەدەغەیە مامەڵە بە زەوی نایاسا...

ژووری بازرگانی سلێمانی: قەدەغەیە مامەڵە بە زەوی نایاساییەوە بکرێ