پیشەکەى زۆر خۆشدەوێت

کۆنترین پینەدۆزى دوزخورماتوو بە قاچێکەوە کار دەکات

964+

سیروان خورشید-دوزخورماتوو

وەستا کاروان کە بە کاروانى پینەدۆز ناسراوە، 25 ساڵە لە قەزاى خورماتوو کارى پینەدۆزى دەکات، ئەو هەرچەندە قاچێکى بە تەواوەتى ئیش ناکات و قاچەکەى تریشى نیوەکار بووە، بەڵام بەردەوامە لە پیشەکەی و ئیشەکەشى زۆر خۆشدەوێت.

وەستا کاروان لە تەمەنى حەوت ساڵیدا، دواى تووشبوونى بە پەتاى وەرزى دەچێتە لاى پزیشکیکى قەزاکە و بە دەرزییەکى هەڵە توشى شەلەلى دەبێت و قاچێکى بە تەواوى لە کار دەکەوێت، وەک خۆى بە 964ـى وت،”ئێستا قاچەکەى دیکەشم نیوەکار بووە، بەڵام چونکە پیشەکەم سەرچاوەى بژێویمە ناچارم کار بکەم”.

ئەو پینەدۆزە لە 25 ساڵە لە کارەکەى بەردەوامە و ئێستا کۆنترین پینەدۆزى قەزاى دوزخوورماتووە و خەڵکێکى زۆر دەیناسن و پێڵاوەکانیان دەبەنە لاى ئەو تا بۆیان چاک بکات و تەقەڵڕێژیان بۆ بکات.

وەستا کاروان باوکى سێ کوڕ و دوو کچە و دوو هاوسەریشى هەیە، بە کارەکەى بژێوى خێزانەکەى دابینکردووە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح