حەوت ئاژەڵ دەستبەسەر کراون
شارەوانیی پیرەمەگروون هۆشداری دەداتە خاوەن ئاژەڵەکان
964+
پێشەوا محەمەد
شارەوانیی پیرەمەگروون هۆشداری دەداتە خاوەن ئاژەڵەکان، ئەگەر ئاژەڵەکانیان لە کۆڵان و ناو باخچەکان ببیندرێن دەستیان بەسەردا دەگیرێت و سزا دەدرێن.
شارەوانییەکە شوێنێکی تایبەتی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئاژەڵەکان دروستکردووە، دوێنێ یەکشەممە دەستیان بەسەر حەوت مانگادا گرتووە.
بەرزان رەئوف، سەرۆکی شارەوانیی پیرەمەگروون بە 964ـی راگەیاند، ئەو ئاژەڵانە زیان بە سەوزایی دار و باخچەکان دەگەیەنن، لەناو کۆڵانەکان خۆڵ بڵاودەکەنەوە و سیمایەکی ناشارستانیشیان هەیە بۆیە ئیجرائاتیان دەستپێکردووە.
وتیشی، “هەر ئاژەڵێک دەستی بەسەردا دەگیرێت، کاتێک خاوەنەکەی بۆی دێتەوە بەڵێننامەی پێ پڕدەکرێتەوە ئاژەڵەکەی نەچێتەوە کۆڵان و باخچەکان، ئەگەر دووبارە و سێبارەی کردەوە سزای مادیمان هەیە و دەسەڵاتیشمان هەیە ئاژەڵەکە نەدەینەوە بە خاوەنەکەی و بە زیادکردنی ئاشکرا بیفرۆشین”.
ساڵی رابردوو دوو جار چەند سەر ئاژەڵێک دەستیان بەسەردا گیراوە، بەڵام بە وتەی سەرۆکی شارەوانیی پیرەمەگروون دواتر حاڵەتەکە نەماوە.
“ئێستا وەرزی گەشەی باخچەکان و سەوزاییە و ناکرێت ئەو ئاژەڵانە بچنە ناویان و زیان بە دار و سەوزاییەکان بگەیەنن”، سەرۆکی شارەوانیی پیرەمەگروون وای وت.