نرخی کاڵاکان هەرزان بووە

لە سلێمانی 46 لیژنە چاودێری بازاڕ و شوێنە جیاوازەکان دەکەن

964+

توانا نەقی

لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رۆژانە سەردانی بازاڕ و شوێنە جیاوازەکان دەکەن و لەم رەمەزانەدا بەدواداچوونەکانیان چڕتر کردووەتەوە و دەڵێن، زۆرێک لە شمەک و کاڵاکان نرخەکانیان بەراوورد بە پار ساڵ هەرزانتر بووە.

جگە لەوەی رۆژانە لیژنەیان بۆ شوێنی جیاواز دەردەچێت لەم حەوت رۆژەی رەمەزاندا سێ هەڵمەتی فراوانیان ئەنجامداوە.

گۆران قادر سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بۆ 964 وتی، لە رێگەی 46 لیژنەوە چاودێری چڕ ئەکەن، لیژنە سەرەکییەکان پێکهاتوون لە:

دوو لیژنەی ڤێرتێرنەری.
دوو لیژنەی تەندروستی.
لیژنەی رۆشنبیری.
لیژنەی وەرزش.
لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکان.
لیژنەی عەلوەکان.
لیژنەی سووتەمەنی و چەندین لیژنەی دیکە.

وتیشی، ئەوان لیستی نرخی کاڵاو شمەک لە چاودێری بازرگانی وەردەگرن و بەراوردی دەکەن بە بازاڕ، ئەوەی ئەوان بۆیان دەرکەوتووە زۆرێک لە کاڵا سەرەکییەکان بەتایبەت خواردن نرخەکەیان دابەزیوە.

گۆران قادر ئاماژەی بە هەندێک لەو شمەکانە کرد کە نرخەکەی هەرزانتر بووە لەوانە، ئارد، هێلکە، رۆن، سووتەمەنی و چەند کاڵایەکی دیکە.

” ئەو کاڵایانەشی کە ئەگەر نرخیان لە کاتێکی دیاری کراودا بەتایبەت لە رەمەزان و هەندێک بارودۆخی تایبەت بەرزدەبێتەوە، هۆکارەکەی هاوڵاتیانە کە بووە بە کلتور دەبێت شمەک زەخیرە بکەن و زیاد لە پێویستی خۆیان لە ماڵەوە دابنێن”، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی وای وت.

پێشتریش ئاوات ئەحمەد، قایمقامی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، دوو مانگە لە بازاڕ نرخی خواردەمەنی وەردەگرن و لە مانگی رەمەزاندا هەرشوێنێک لەو نرخەی وەریانگرتووە زیاتر فرۆش بکات بە سەرپێچی هەژماری دەکەن و شوێنەکان سزا دەدەن.

قایمقامیەتی سلێمانی رێکاری نوێی تەندروستی بۆ رەمەزان ...

قایمقامیەتی سلێمانی رێکاری نوێی تەندروستی بۆ رەمەزان دەگرێتەبەر