کاڵەکە گەنیوەکانی ئێران گەڕێندرانەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

لە مەرزی تەوێڵە – شوشمێ دە‌ست بە‌سە‌ر زیاتر لە شە‌ش تۆن كاڵە‌كدا گیرا، بەرپرسانی دەروازەکە دەڵێن کاڵەکەکان بۆ خواردن شیاو نەبوون.

بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجە لە پەیجی خۆیان لە فەیسبووک رایگەیاند، “ئەمڕۆ پێنجشەممە لە‌ مە‌رزی تە‌‌وێڵە‌ ـ شۆشمێ، لە‌لایە‌ن ھۆبە‌ی كە‌رە‌نتینە‌ی كشتوكاڵی مە‌رزە‌كە‌وە‌ بڕی شە‌ش تۆن و 300 كیلۆگرام كاڵە‌كی خراپبوو دەستی بەسەردا گیرا، كە‌ بۆ خواردن شیاو نە‌بوون “

بارە کاڵەکەکە لە ئێرانەوە هاوردە کرابوو و لەلایەن لیژنە‌ی لە‌ناوبردن و ئاودیوكردنە‌وە‌وە‌، بڕیاری گە‌ڕاندنە‌وە‌ی درا بۆ وڵاتی هەناردەکار.

لە ماوەی چوار رۆژدا لە مەرزی تەوێڵە – شوشمێ 11 تۆن و 600 کیلۆ کاڵەکی خراپبوو دەستی بەسەردا گیراوە، کە هەموویان لە ئێرانەوە هاوردەکراون.

رۆژی یەکشەممە 8/1/2023، بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجە دەسبەسەرداگرتن و لەنێوبردنی پێنج تۆن و 300 کیلۆگرام کاڵەکی دیکەی راگەیاند و وتی شیاو نەبوون بۆ خواردن.

مەرزی تەوێڵە – شوشمێ دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەڵەبجە و یەکێکە لە مەرزە لاوەکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شاری پاوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.