دوو ساڵه‌ خه‌ریكن

پێنجوێن كار بۆ به‌ ئه‌رشیفكردنى مێژوو و كه‌لتووره‌كه‌ى ده‌كات

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ماوه‌ى دوو ساڵه‌ ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تى و نووسه‌رى پێنجوێن، كار له‌سه‌ر به‌ ئه‌رشیفكردنى مێژوو و كه‌لتوورى شاره‌كه‌یان ده‌كه‌ن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش خه‌ریكی دامه‌زراندنى ناوه‌ندێكی رووناكبیرین.

له‌ پێنجوێن ئاگادارییه‌ك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ بۆ هەموو خاوەن قەڵەم و کەسایەتیەکان كه‌ له‌ دوای جەژنی رەمەزان کۆبونەوەیەک سازدەکەن دەربارەی دامەزراندنی ناوەندی رووناکبیری بە مەبەستی بە ئەرشیفکردنی مێژوو و کلتووری سنورەکەیان.

جەوهەر سەعید زۆراب، یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ى پێنجوێن به‌ 964ـى وت، ماوه‌ى دووساڵه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌ن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ چه‌ندین كه‌سایه‌تى و نووسه‌رى پێنجوێن كردووه‌.

وتیشی “ده‌مانه‌وێت به‌ فه‌رمى ناوه‌ندێكی رووناكبیری دابمه‌زرێنین و تیایدا به‌شێوه‌یه‌كی كردارى ئه‌م كاره‌ بكه‌ین”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، تا ئێستا وه‌ك پێویست كار له‌سه‌ر به ‌ئه‌رشیفكیردنى مێژووى شاره‌كه‌یان نه‌كراوه‌، به‌وپێیه‌ى پێنجوێن خاوه‌نى مێژوو و ئه‌رشیفێكی زۆره‌، ده‌شڵێت “ئه‌وه‌ى تاوه‌كو ئێستا كراوه‌ هه‌وڵى تاكه‌كه‌سیی بووه‌ و شتى ساده‌ش كراوه‌”.

به‌قسه‌ى ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌مدا دواى دامه‌زراندنى ناوه‌نده‌كه‌، گۆڤارێكی وه‌رزى ده‌ربكه‌ن و ته‌واوى ئه‌و بابه‌تانه‌ى تێدا بڵاوبكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ رووى ئه‌كادیمییه‌وه‌ تایبه‌تن به‌ مێژوو و كلتوورى ئه‌م شاره‌.

ره‌تیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌یان له‌چوارچێوه‌ى پڕۆژه‌ى “پێنجوێن شارى فێربوون” بێت، كه‌ ماوه‌ى نزیكه‌ى ساڵێكه‌ له‌و شاره‌ كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت.

لەم چایخانەیەی پێنجوێن نانی بەیانی وەک پاشا بخۆ

لەم چایخانەیەی پێنجوێن نانی بەیانی وەک پاشا بخۆ