لە سنورى راپەڕین

لە هەر رۆژێکدا راوچییەکى ماسى دەستگیر دەکرێت

964+

ژێوار خدر – راپەڕین

‏لە سنورى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دارستان و ژینگەى راپەڕین، لە هەر رۆژێکدا راوچییەکى ماسى دەستگیر دەکرێت، تەنیا لەمڕۆشدا سێ راوچى لە پاشاوى قوڕەگۆى نزیک دەربەندى رانیە دەستگیرکراون.

شۆڕش کاکە، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین بە 964ـی وت،”لەماوەى 10 رۆژى رابردووى قەدەغەى راوەماسى توانیومانە نۆ کەس دەستگیر بکەین و دەستیشمان بەشەر ژمارەیەک کەلوپەلى راوکردنى ماسسیدا گرتووە”.

بە وتەى شۆڕش کاکە، ئەو کەسانەى دەستگیر دەکرێت رووبەڕووی دادوەری لێکۆڵینەوە دەکرێنەوە بۆ ماوەیەک رادەگیرێن و رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتە بەر و سزاکەشیان یان پێ بژاردن یان بەند کردنە، دەستیش بەسەر کەلوپەلەکانیاندا دەگیرێت، و ئەو ماسییانەشی کە زیندوون دەخرێنەوە ناو ئاو و ئەوانەی تریش لەزیادکردنی ئاشکرادا دەفرۆشرێن.

لە هەرێمى کوردستاندا، بەپێى یاساى ژمارە 8ـى ساڵى 2008، یاساى پاراستن و چاککردنى ژینگەى لە هەرێمى کوردستان- عێراق، مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا دەکرێت.

دەروازەى چوارەمى هەمان یاسا و لە ماددەى 31 و بەپێى بڕگەکانى یەک و دوو و سێ، راوکردنى ماسى و باڵندە لە وەرزى جوتبوون و زاوزێدا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

هاوکات بە پێى ماددەى چل و دوو لە حکومە سزاییەکاندا هاتووە:

یەکەم: لەگەڵ سەرپێچینەکردنى هیچ سزایەکى توند کە لە دەقى یاساکانى دیکەدا هاتبێ، سەرپێچیکەر حکومەکانى ئەم یاسایە و سیستەم و رێنماییەکانى کە بەپێى ئەوە دەرکراون، بە بەندکردن سزا دەدرێن، بۆ ماوەى مانگێک کەمتر نەبێت یان پێبژاردنێک لە 150 هەزار کەمتر نەبێت و لە 200 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

دووەم: لە هەر جارێکدا سەرپێچییەکە دووبارە بکرێتەوە، سزاکە دوو بەرامبەر دەکرێتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

سزاى ئەو کەسانە چییە کە لە وەرزى قەدەغەى راوە ماسیدا دە...

سزاى ئەو کەسانە چییە کە لە وەرزى قەدەغەى راوە ماسیدا دەستگیر دەکرێن