بۆچی؟

لە کەرکوک 15هۆڵی ئاهەنگ و بۆنەکان داخران

964+
کاروان ساڵحی -کەرکوک

بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی، لە هەڵمەتێکدا بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی کەرکوک 15 هۆڵی ئاهەنگ و بۆنەکانی داخست.
قەیس عەبدولڕەزاق بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگریی شارستانیی کەرکوک بە 964ی وت، لەهەڵمەتێکدا بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی، بە پێی بڕیاری ژمارە 44ـی ساڵی 2013، بەرگریی شارستانی 15 هۆڵی شایی و بۆنەکانی بۆ ماوەی 15 رۆژ داخست

وتیشی، دەبێت چارەسەری کەموکوڕییەکانیان بکەن و ئەگەرنا داخستنەکە لەو 15 رۆژەی بۆیان دیاریکراوە زیاتر دەبێت.

سەبارەت بە مەرجەکان، قەیس عەبدولڕەزاق وتی، دەبێت هەر هۆڵێک لە سێ دەرگای چوونەدەرەوە کەمتری نەبێت، نابێت سەقفی هۆڵەکان سندویچ پەنەڵ بێت، سیستمی ئاگرکوژێنەوەی تێدا بێت، لە نێو هۆڵەکەدا کەمتر لە 10 ئامێری کوژاندنەوەی ئاگری تێدا نەبێت، هەروەها چواردەوری هۆڵەکە چەندان پەنجەری تێدا بێت و داخراو نەبێت، بۆ ئەوەی لە هەر رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا بتواندرێت هاوڵاتی دەرباز ببێت و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەش بگەنە  ژوورەوە.

شەوی 26.9.2023 له‌ هۆڵێکی قه‌زاى حەمدانیە لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری، ئاگركه‌وته‌وه‌، بەهۆیەوە 134 کەس گیانیان لەدەست دا و ژماره‌یه‌كی زۆریش بریندار بوون و پێنج کەسیش تائێستا بێسەروشوێنن.

دوای ئەم رووداوە، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، بەرگریی شارستانی و لیژنەکان چاودێری بەردەوام بەدواداچوون بۆ مەرجەکانی سەلامەتی لە هۆڵەکان دەکەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

کەرکوک دەرسی لە حەمدانیە وەرگرتووە و خۆی ئامادە دەکات

کەرکوک دەرسی لە حەمدانیە وەرگرتووە و خۆی ئامادە دەکات