لە زاخۆ
36 شوێنی بازرگانی سزا دران
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لیژنەکانی قایمقامیەتی زاخۆ کە پێکدێن لە تەندروستی، ئاسایش، چاودێری بازاڕ ، ئەمرۆ پێنجشەممە 14.3.2024 لەکاتی چاودێری و بەدواداچونی بازاڕدا 32 شوێنیان سزاداوە و چوار شوێنیشیان داخستووە.
وەڵات هەجەر، سەرۆکی لیژنەی بەدواداچونی بازاڕ بە 964ـی راگەیاند، زۆربەی ئەو شوێنانەی سزا دراون دوکانی خواردن بوون و رێنماییەکانی تەندروستیان جێبەجێ نەکردووە، ئەوانەشی داخراون تا رێنماییەکان جێبەجێ نەکەن دووکانەکانیان ناکرێنەوە.
وتیشی، توانیویانە دەست بەسەر زیاتر لە چوار تۆن کەرەسەتەی ماوەبەسەرچوودا بگرن و لە ناویان بەرن.
پێش رەمەزان قایمقامیەتی زاخۆ ئەوەی راگەیاندبوو کە لەو مانگەدا بەدواداچوونەکانیان چڕ دەکەنەوە و سزای سەرپێچیکاران دەدەن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی