رێگای پێنجوێن بۆ سلێمانی داخراوە
هاوڵاتییەک: خێزانم نەخۆشە بەهۆی داخستنی رێگای پێنجوێن ناچارم بە کۆڵ بیگوازمەوە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
بەهۆی داخستنی رێگای پێنجوێن بۆ سلێمانی لەلایەن شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن و باشماخ، هاوڵاتیان دەڵێن بەزمانی بەڕۆژوو ناچارین بە پێ زیاتر لە سێ کیلۆمەتر ببڕین کە هاتوچۆ تێیدا وەستاوە.
فەرهاد فەرشاد هاوڵاتییەکە و لەو رێگەیە بەهۆی داخستنی رێگاکە تووشی ئاستەنگ بووە دەڵێت: چوار کاتژمێر دەبێت رێگەمان لێ گیراوە و زمانمان بەڕۆژووە.
محەمەد عەلی هاوڵاتییەکی دیکەیە بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، ئەگەر کێشەکە لە باشماخ و سەیرانبەنە با رێگای ئەوێ بگیرێت نەک رێگای هاوڵاتیان بگرن و هەندێکیان نەخۆشیان پێیە و هەندێکیشیان ناتوانن بە پیادەڕۆ بڕۆن.
سارا نەقشبەندی خاتونێکی خەڵکی رۆژهەڵاتە و بە 964ی وت، بەزمانی بەڕۆژوەوە بەسەر ئەو چیایەدا سەرکەوتوون و زۆر ناڕەحەت بوون و تا پێنجوێنیش دەبێت بە پێ بڕۆن چونکە رێگا بە تەواوی گیراوە.
ماوەی زیاتر لە 10 رۆژە شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن دژی بڕیاری گواستنەوەی بارەکانیان لە مەرزی سەیرانبەنەوە بۆ مەرزی باشماخ، گردبوونەتەوە و دوێنێش گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن و باشماخ دروست بوو وە ئەمڕۆ بە تەواوی رێگا داخرا.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی