964 سۆراغى کردووە
تا ئێستا به‌ندیخانه‌ى سزادراوان لە سۆران نییه
964+
فەرهاد حەسەن
به‌پێی سۆراغى 964، دواى زیاتر له سێ ساڵ راگه‌یاندنى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران، تاوه‌كو ئێستا به‌ندیخانه‌ى تایبه‌ت به سزادراوان له‌و ئیداره نییه له‌كاتێكدا ته‌واوى دادگاكانى كه‌تن و تاوان و لێكۆڵینه‌وه و بارى كه‌سیی له‌و ئیداره هه‌ن.
رۆژى 14.9.2021 ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستانه‌وه راگه‌یه‌ندرا، به‌ڵام تاوه‌كو ئه‌مڕۆش ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ى له‌لایه‌ن دادگاكانه‌وه سزاده‌درێن به‌هۆى نه‌بوونى به‌ندیخانه‌ى تایبه‌ت ره‌وانه‌ى چاكسازییه‌كانى هه‌ولێر ده‌كرێن.
شه‌ماڵ دێوارى، وته‌بێژى پۆلیسی ئیداره‌ى سۆران به 964ـى راگه‌یاند، له سنورى ئیداره‌كه‌یاندا ته‌نیا به‌ندیخانه‌یه‌ك بۆ راگیراوان هه‌یه و هیچ به‌ندیخانه‌یه‌كیش بۆ سزادرا و حوكمدراوه‌كان نییه.
وتیشی “هه‌ر تۆمه‌تبارێك له‌لایه‌ن دادگاكانه‌وه سزا، یان حوكم درابێت، راسته‌وخۆ ره‌وانه‌ى چاكسازییه‌كانى هه‌ولێر ده‌كرێت”.
باسی له‌وه‌شكرد ئه‌و به‌ندیخانه‌یه‌ى بۆ راگیراوان هه‌یه به‌پێی ستاندراده نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه و هیچ كه‌موكوڕییه‌كى نییه، به‌ڵام بۆ به‌ندیخانه‌ى سزادراوان كار له‌سه‌ر دروستكردنى كراوه.
وته‌بێژى پۆلیسی سۆران به‌پێویستى نه‌زانى ژماره‌ى راگیراوان و سزادراوانى سنوورى ئیداره‌كه‌ى ئاشكرا بكات، به‌ڵام وتى “به‌پێی رێنماییه‌كانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ، كه‌سوكارى راگیراوان رێگه‌یان پێدراوه به‌پێی خشته‌ى سه‌ردانیكردن، سه‌ردانى راگیراوه‌كانیان بكه‌ن و بیانبینن.
روونیشیكرده‌وه، ئه‌وانه‌ى ئێستا له سۆران راگیراون كه‌یسه‌كانیان جیاوازه و تا یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كه‌یسه‌كانیان له‌لایه‌ن دادگاكانه‌وه به راگیراوه‌یی له به‌شه‌كانى پیاوان، ژنان و نه‌وجه‌وانان له سۆران ده‌مێننه‌وه.