دادگای فیدڕالی لە بەغدا
لە نوێترین راگەیەنراویدا
دادگای فیدڕاڵی جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەبارەت موچەی فەرمانبەران دەکاتەوە
964+
فەهمی نەبی
دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، وەزارەتی دارایی دادگای ئاگادارکردوەتەوە لە پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگی شوبات، بەڵام بۆ مانگی ئادار مەرجی بە ئەلیکترۆنیکردنی شێوازی پێدانی موچە دەگرێتەبەر.
نوسینگەی راگەیاندنی دادگای باڵای فیدڕاڵی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، وەزارەتی دارایی دەستیکردوە بە جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 224 و یەکخراوی 269ی فیدڕاڵی 2023، کە لە رێکەوتی 21.2.2024 دەرچووە، سەربارەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
ئەوەش هاتووە، وەزارەتی دارایی دەستیکردوە بە پارەدارکردنی هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بە نوسراوی ژمارە 6429 لە رێکەوتی 11.3.2024 بۆ موچەی هەریەکە لە خاوەن پێداویستی تایبەت و تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی و تۆڕی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بۆ مانگی شوباتی ئەمساڵ.
بەپێی وەڵامی دادگای فیدڕاڵی بێت، وەزارەتی دارایی ئەو بڕەی کە بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم ناردوەیەتی بۆ موچەی خانەنشینانی سەبازی و مەدەنی بە نوسراوی ژمارە 6369 دادگای فیدڕاڵی لێ ئاگادارکردوەتەوە، هاوکات ئەو پارەیەی بۆ کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و گرێبەستەکان ناردویەتی بە نوسراوی ژمارە 6400 دادگای فیدڕاڵی لێ ئاگادار کردوەتەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەڵێت، بۆ موچەی مانگی ئازار وەزارەتی دارایی پابەندی خۆی بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا دوپاتکردوەتەوە کە پرۆسەی “توطين”ی موچەی فەرمانبەران لەخۆدەگرێت.
دوێنێ سێشەممە وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق نوسراوێکی ناردووە بۆ دادگای فیدڕاڵی و ئاگاداری دەکاتەوە لە ناردنی پارەی موچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران، بەپێی راگەیەنراوی دادگای فیدڕاڵی بێت، وەزارەتی دارایی بە سێ نوسراوی جیاواز موچەی فەرمانبەرانی ناردووە.