لەگەشتی هەواڵەکانەوە
رەمەزانی شیعە مەزهەبەکان دەستی پێکرد
964+
ژووری هەواڵ
شەوتان باش، 12ی شەوەو هەواڵە تازەکانتان پێ دەڵێم
لای خۆمان ئەوا پێ دەنێینە شەوی دووەمی رەمەزانەوە، بەڵام بۆ شیعە مەزهەبەکانی عێراق و کوردستان ئەمشەو رەمەزان دەست پێدەکات، نوسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە رایگەیاندبوو سێشەممە رەمەزانە.
ئەمڕۆ پەیامنێری 964 لە خانەقین چووە ناو بازاڕو پرسیاری رۆژووی لە خەڵک کرد، وتیان لای ئێمە نیوە رەمەزانە، سوننەکان بەرۆژوون و شیعەکان پێ نین.
دوو پیاوی ئەو شارە کە هاوڕێی یەکن و پێکەوە دانیشتبوون، دەیانوت فەرق نییە لە بان مەسیحی و لە بان شیعە و لەبان سوننە، لەم شارە تەفرەقە نییە.
مزگەوتی گەورەی سلێمانی لە نۆژەنکردنەوەدایە، بەڵام چێشتخانەکەی کراوەیە و لە رەمەزاندا خواردن دەدات بە هاوڵاتیان.
لەناو مزگەوتی گەورەدا چێشتخانەی خێرخوازی کاک ئەحمەدی شێخ هەیە، جاران نیوەڕوان خواردنی بۆ 1500 کەس دابین دەکردو بێ بەرامبەر دەیبەخشیەوە، بەڵام ئیتر لەمڕۆوە بوو بە ئێواران.
شێخ محەمەد سالار، سەرپەرشتیاری مزگەوتی گەورەی بە 964ـی راگەیاند، بەشێوەیەکی گشتی مزگەوتەکە هیچی نوێی بۆ زیاد ناکرێت، تەنیا لەسەر شێوازی کۆن و کولتوورییەکەی نۆژەن دەکرێتەوە، بەڵام ئەم نۆژەنکردنەوەیە کاری چێشتخانەکە راناگرێت و بەردەوام دەبێت.
وەک نەریتی هەموو ساڵانی پێشوو، ئەمساڵیش پێش بەربانگ دوکانەکانی شیرینی و شەربەت جمەیان دەهات، لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک خەڵک بۆ کڕینی شەربەت نۆرەیان گرتبوو، خوا رزقی دوکاندارەکانی دابوو.
لە سلێمانی پیاوێک کە قەرەباغی نۆرەی شەربەتی بینیبوو، ناڕەحەتی بوو بوو دەیوت وەڵا هەرچی بکەیتە عەلاگەوە خەڵک دەیکڕێت.
هەندێ فرۆشیار ئەمڕۆ گرانفرۆشییان کردبوو، هەندێکیش رێک پێچەوانەکەیان کرد.
نانەواخانەیەک لە قەزای بەردەڕەش بۆ مانگی رەمەزان 15 نانی کردووە بە هەزار دینار، وەستای ئەو نانەواخانەیە بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “خەڵک موچەی نییە و ژیانی خراپە، بۆیە هەرزانمان کرد.