دیمەنی شەقامەکەی تەقتەق لە کاتی کارکردندا . وێنە: سەرۆکایەتی شارەوانی تەق تەق
لە ناحیەی تەق تەق
حکومەت بە هاوکاری کۆمپانیایەک چاڵوچۆڵی شەقامێک پڕ دەکاتەوە
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
ماوەیەکی زۆر بوو شۆفێرانی ناحیەی تەق تەق گرفتاری دەستی تێکچوونی شەقامێکی سەرەکی ئەو قەزایە بوون، شارەوانی بەهاوکاری کۆمپانیایەک ئەو ئەرکەی لە ئەستۆ گرت و شەقامەکەی چاککردەوە.
شەقامە پڕ چاڵەکەی ناحیەی تەق تەق نزیکەی 500 مەترە، کەوتووەتە ناو سەنتەر ناحیەکە و هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی چەند پارێزگایەکی لەسەرە.
نەمر نیازی، سەرۆکی شارەوانی تەق تەق بۆ 964 وتی. “چەندینجار هەوڵمانداوە بۆ چاکردنەوەی شەقامەکە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجە نەتواندراوە جێبەجێ بکرێت، بەسوپاسەوە توانیمان بەهاوکاری کۆمپانیای KITS چاکی بکەینەوە”.
وتیشی، هۆکاری تێکچوونی شەقامەکە، زۆری هاتوچۆی ئۆتۆمبێلە لەسەری، کۆنی شەقامەەو سیانە بەکردنەوەی هۆکارێکی دیکەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تێچووی نۆژەنکردنەوەکە بەهاوکاری ئەو کۆمپانیا نزیکەی دوو ملیۆن دینار بوو، لەداهاتووشدا بەردەوام دەبین لە چاکسازی شەقام و کۆڵانەکانی سنووری ناحیەکەمان.
ناحیەی تەق تەق سەربە قەزای کۆیەیە لە پارێزگای هەولێر، لە حەوت گەڕەگ پێکدێت و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی