دوای نزیکەی چوار کاتژمێر
ئاگرەکەی ناوچەی پیشەسازی هەولێر کۆنتڕۆڵکرا
964+
شیراز عەبدوڵا – هەولێر
دوای نزیکەی چوار کاتژمێر لە دروستبوونی ئاگر لە کۆگایەکی ناوچەی پیشەسازی باکور لە هەولێر، توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکر بکرێت.
کاروان میراودەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ 964 دەڵێت، 16 تیمی بەرگری شارستانی گەیشتوونەتە شوێنەکە لەگەڵ چەندین تیمی کارەبا و شارەوانی، توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکرێت بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبێت.
ئەو کۆگایەی ئاگری گرتووە، شوێنی کەرەستەی بیناسازی وەک لباد و ئایزۆگامی و سپرا و فووم و چەندین کەرەستەی دیکە بووە کە هەموو ئەمانە یارمەتی گڕ گرتن دەدەن.
پێشوتر 964 لەگەڵ خاوەنی کۆگاکە قسەی کردووە، دەڵێت زیانەکان بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێندرێت.
بەرگری شارستانی هەولێر دەڵێت، کاتژمێر 6:58 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ پەیوەندی بە ژووری کۆنتڕۆڵی ئاگر کوژێنەوەی هەولێر کراوە لە هەبوونی ئاگرێک، هەرزوو تیمەکان گەیشتوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئاگرەکە لە ئاستی بەرز بووە بەزەحمەت توانرا کۆنتڕۆڵ بکرێت، ئەمەش بەپێی وتەی کاروان میراودەلی.