چاودێریی بازرگانیی سلێمانی
نزیكهی 21 ملیۆن دینار سەرپێچی بۆ دوکان و مارکێتەکان کرا
964+
پێشەوا محەمەد
لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی سلێمانی 950 سەردانیان بۆ شوێنە بازرگانییەکان کردووە و نزیکەی 21 ملیۆن دیناریش سەرپێچییان بۆ ئەو شوێنانە نووسیوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکە، لەو دوو مانگەدا 189 پسووڵەی سەرپێچییان کردووە، 20 ملیۆن و 951 هەزار دینار سزای شوێنە بازرگانییەکانیان داوە و دەستیشیان بەسەر پێنج تۆن و 67 کیلۆگرام خواردەمەنی و کەلوپەلی خراپبوودا گرتووە.
بڵند ئەحمەد، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەوان لە رێگەی چوار لیژنەوە بەردەوام چاودێریی بازاڕ و دوکان و مارکێتەکان دەکەن و رێگە لە ساغکردنەوەی کاڵا و شمەک و خواردەمەنیی خراپ و بەسەرچوو دەگرن.
وتیشی، “لای ئێمە سەرەتا هەر شوێنێکی بازرگانی سەرپێچی بکات ئاگادار دەکرێتەوە، کە دووبارەی کردەوە ئەوکاتە دادەخرێت و هیچ دوکان و شوێنێکی بازرگانی بە یەکەم سەرپێچی لای ئێمە بڕیاری داخستنی نادرێت”.
964 پرسیاری ئەوەی لە بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی کرد، ئاخۆ لەگەڵ لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانیدا هەماهەنگییان هەیە، ئەویش لە وەڵامدا وتی، “چوار کارمەندی ئێمە لەناو لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتدان و هەماهەنگیمان لەگەڵیاندا هەیە”.