گەشتەکانیش زیاد دەکەن

باڵیۆزی ئازەربایجان: چەند شوێنەوارێکی کەرکوک نۆژەندەکەینەوە

964+

ژووری هەواڵ

ئازەربایجان ئامادەیی دەربڕیووە بۆ نۆژەنکردنەوەی چەند شوێنەوارێکی پارێزگای کەرکوک، پارێزگاری شارەکەش دەڵێت، داوایان کردووە ئەو وڵاتە ئاسانکاریی بکات بۆ پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیان.

ئەمڕۆ سێشەممە 5.3.2024، نه‌سیر مه‌مه‌دۆف، باڵیۆزى ئازه‌ربایجان سەردانی پارێزگای کەرکوکی کرد و رایگەیاند، گفتوگۆمان کردووە سەبارەت بە هاتنی کۆمپانیاکانی ئازەربایجان لە بوارەکانی بیناسازی و بونیادنان بۆ بەشداریکردن لە پرۆژەکانی پارێزگای کەرکوک.

راکان جبوری، پارێزگارى کەرکوک بەوەکالەت رایگەیاند، لەلایەن حکومەت و باڵیۆزی ئازەربایجانەوە ئارەزوویەک هەیە بۆ دووبارە نۆژەنکردنەوەی بەشێک لە شوێنەوارەکانی کەرکوک و ئەو کولتوورەی کە پێکەوەمان دەبەستێتەوە.

نه‌سیر مه‌مه‌دۆف، باڵیۆزى ئازه‌ربایجان ئاشکرای دەکات لە داهاتوودا ژمارەی گەشتی ئاسمانی راستەوخۆی نێوان وڵاتەکەی و کەرکوک زیاد دەکات.

” لە ماوەی رابردوودا سێ گەشتی ئاسمانی راستەوخۆ هەبووە لە نێوان ئازەربایجان و کەرکوک، هەوڵدەدەین گەشتەکان لە داهاتوودا زیاتر بکەین”، نه‌سیر مه‌مه‌دۆف وای وت.

وتیشی، دەبینین کەرکوک لە پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوەی بەردەوامدایە و ئازەربایجان ئامادەیە بەشداریی لەو پێشکەوتنەدا بکات.

راکان جبوریش وتی، ” گفتوگۆمان لە بارەى ئەو رێوشوێنانە کردووە، کە دەبنە هۆکاری ئاسانکاریی بۆ وەرگرتنی ڤیزای ئازەربایجان بۆ هاوڵاتیان شارى کەرکوک و ئەو ناوچانەی دیکە، کە کەرکوک وەک راڕەوێکی فڕۆکەوانی بەکاردەهێنن”.

لە کەرکوک سێ بنکەی نوێی پۆلیس دەکرێنەوە

لە کەرکوک سێ بنکەی نوێی پۆلیس دەکرێنەوە