تیکتۆک لە ئەمریکا قەدەغە کرا

964+
عادل كانه‌بی – هه‌ولێر

بڕیاری قەدەغەکردنی ئەپڵیکەیشنی تیکتۆک لەسەر دەزگا حکومییەکان لە ویلایەتەکانی ئۆهایۆ و نیوجێرسی سەرنجێکی زۆری لەسەر پلاتفۆڕمە ئەمریکییەکان وەرگرت، بەوپێیەی قەدەغەکردنی ئەپڵیکەیشنی کۆمپانیای چینی “ByteDance”ی راگەیاند بەهۆی مەترسییەکانی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی.

فیل مێرفی پارێزگاری ویلایەتی نیوجێرسی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، قەدەغەکردنی تیکتۆک لە دامەزراوە حکومییەکان، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەلامەتی داتای بەکارهێنەرانە، کە رەنگە لە رێگەی تیکتۆکەوە بگاتە حکومەتی چین.

مێرفی لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەهێزکردنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی زۆر گرنگە بۆ پاراستنی سەلامەتی گشتی، ئەو رێوشوێنە پێشوەختە و خۆپارێزیانەی ئەمڕۆ جێبەجێی دەکەین، دڵنیایی و یەکپارچەیی زانیارییەکانی خاوەنداریەتی دەوڵەت مسۆگەر دەکات، ئەم رێوشوێنانه‌ دڵنیایی دەدات لەوەی ئاسایشی ئەلیکترۆنی دەوڵەت یەکگرتووە بەرامبەر بەو کەسانەی، کە رەنگە هەوڵی ئەوە بدەن دابەشمان بکەن.

ئەمە یەکەمجار نییە بڕیارێکی لەم جۆرە بدرێت، پێش ئەم بڕیارە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە 27ـی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوودا، یاداشتێکی ناوخۆیی دەرکرد، کە تێیدا پێویستی سڕینەوەی ئەپڵیکەیشنی تیکتۆکی لە مۆبایلەکانی یاسادانەران و فەرمانبەران لە پەرلەمان خسته‌ڕوو، ئه‌مه‌ش بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانییەوە.

تۆڕی کۆمەڵایەتی Tik Tok کە تۆڕێکی چینییە، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2016 کەوتە بەردەستی بەکاربەران، بەپێی نوێترین ئامار، کە لە چارەگی کۆتایی ساڵی 2022 بڵاو بووه‌ته‌وە، مانگانە لە هەموو جیهاندا نزیکی یەک ملیار بەکارهێنەری چالاکی هەبووە.