چى لەسەر نوسراوە؟
لە قەڵاى هەولێر دراوى سەردەمى هۆلاکۆ دۆزرایەوە
964+
شیراز عەبدوڵا ـ هەولێر
لە قەڵاى هەولێر چەندین پاشماوەى شوێنەوارى دۆزرایەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى میتانییەکان و سەردەمى هۆلاکۆ.
هێژا زاهیر، بەڕێوەبەری شوێنەواری قەڵای هەولێر بە 964ـی وت،” پەیمانگەی IFPOـی فەڕەنسی کە ئۆفیسی لەسەر قەڵاتی هەولێرە، بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری قەڵای هەولێر ماوەی مانگ و نیوێک لە ساڵی رابردوو هەڵکۆڵین و پشکنینیان ئەنجامداوە، بڕیارە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ کنە و پشکنین لە قەڵا دەستپێبکاتەوە”.
بە وتەى بەڕێوەبەرى شوێنەوارى قەڵاى هەولێر، لە کنە و پشکنینەکانیاندا لەو ماوەیەدا، توانیویانە چەندین پارچە شوێنەوارى مێژووى گرنگ بدۆزینەوە بەتایبەت دۆزینەوەى نوسینى بزمارى کە یەکەمجارە ئەو جۆرە نوسینە لە سنورى هەولێر بدۆزرێتەوە، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەمی میتانییەکان و لەسەری نووسراوە “کوڕی خاتوون”.
جگە لەوە جۆرە دراوێکیان دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى هۆلاکۆ، کە لە سەرى نوسراوە بە تایبەت بۆ هەولێر ئەو چاپى دراوە لێدراوە.
دۆزراوە شوێنەوارییەکان زۆرن، لە بەشى خوارەوە بە قوڵى پێنج مەتر و لە سەر قەڵاتى هەولێر بە قوڵى سێ مەتر کنە و پشکنین ئەنجامدراوە، شوێنەوارى قەڵاکەش بەنیازە مۆزەخانەیەکى ئەلیکترۆنى بۆ شوێنەوارەکان بکاتەوە.
قەڵای هەولێر دەکەوێتە ناوەڕاستى شارى هەولێر و رووبەرەکەى 102 هەزار و 190 مەترە، بەرزییەکەى لە بەرزترین ئاستیدا دەگاتە 30 مەتر.
پێداچوونەوە- وریا فەتاح