داواى دەکەن زەویان پێ بدرێت

فەرمانبەرانى تەندروستى کەرکوک گردبوونەوە

964+

کاروان ساڵحی -کەرکوک

فەرمانبەرانى تەندروستى کەرکوک گردبوونەوە و داوا دەکەن ئەو زەویانەى بڕیاریان لێدراوە بۆ دابەشکردن پێیان بدرێت.

964 دەزانێت، فەرمانگەى تەندروستى کەرکوک 22 هەزار فەرمانبەرى هەیە، ئەنجومەنى وەزیراى عێراق پێشتر بریاریدابوو بە دابەشکردنى 500 پارچە زەوى بەسەر کارمەندانى تەندروستى، بەڵام شارەوانى کەرکوک تەنیا 150 پارچە زەوى بەسەریاندا دابەشکردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، فەرمانبەرانى تەندروستى کەرکوک بۆ ئەوە لە بەردەم شارەوانى شارەکە گردبوونەوە، تا ئەو 350 پارچە زەوییەى ماوە، دابەش بکریت.

شێرزاد تاهیر، فەرمانبەرى تەندروستى کەرکوک قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”34 ساڵە خزمەتم هەیە و داوا دەکەم ئەو پارچە زەویانەى ماوە دابەشى بکەن”.

بە قسەى بەرپرسانى شارەوانى، کێشەکە لە پارێزگایە، ئەحمەد عومەر زەنگەنە، بەڕێوەبەرى شارەوانى کەرکوک لە لێدوانێکیدا بۆ دەزگاکانى راگەیاندن کە پەیامنێرى 964ى لێبوو وتى،”150 پارچە زەویمان دابەشکردووە، بریارە 250 پارچە زەوى دیکەش دابەشبکەین و رەزامەندى ئیدارەى کەرکوکمان وەرگرتووە و هەوڵ دەدەین ئەو  100 پارچە زەوى دیکەش هەر ئەمساڵ چارەسەر بکەین.

دابەشکردنى زەوییەکان بەسەر فەرمانبەران بەپێى سیستمى خاڵبەندییە، ئەو کەسانەى زۆرترین خاڵیان هەیە زەویان پێدەدرێت، بۆ خاڵەکانیش ساڵى خزمەت و سودمەند نەبوون لە وەرگرتنى زەوى و بریندار بوون و ژمارەى منداڵ هەژمار دەکرێن.

پێداچوونەوە- وریا فەتاح

کرێکارانی کۆمپانیای پاککردنەوەی کەرکوک داوای موچەکان...

کرێکارانی کۆمپانیای پاککردنەوەی کەرکوک داوای موچەکانیان دەکەن